ترەمپ: رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران دەکەم و گوێ لە دۆڕاوەکان مەگرن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی تووندی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی سەردەمی باراک ئۆباما گرت و بە "رێگەیەکی روون بۆ چەکی ئەتۆمی" وەسفیکرد. ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکات، "باش و دروست" دەبێت و هێرشی کردە سەر رەخنەگرانی کە بە "دۆڕاو" وەسفیکردن و گوتی، هێشتا هیچ شتێک لەبارەی رێککەوتنە نوێیەکەوە نازانن.
رۆژی یەکشەممە 25-05-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لەبارەی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران نووسی: "ئەگەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، رێککەوتنێکی باش و دروست دەبێت، نەک وەک ئەوەی ئۆباما کردی، کە بڕێکی زۆری پارەی نەختینەی دایە ئێران و رێگەیەکی روون و کراوەی بۆ چەکی ئەتۆمی کردەوە."
سەرۆکی ئەمریکا نووسی، رێککەوتنە نوێیەکە "تەواو پێچەوانەکەیەتی،" بەڵام گوتی، هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە. "هیچ کەس نەیبینیوە، یان نازانێت چییە. تەنانەت هێشتا بە تەواوی دانوستاندنیشی لەسەر نەکراوە."
لە وەڵامی رەخنەکاندا، ترەمپ نووسیویەتی: "بۆیە گوێ لە دۆڕاوەکان مەگرن، رەخنە لە شتێک دەگرن کە هیچ شتێکی لەبارەوە نازانن."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، ترەمپ شانازیی بە شێوازی دانوستاندنەکانی خۆیەوە کرد و رایگەیاند: "بە پێچەوانەی ئەوانەی پێش من کە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەم کێشەیەیان چارەسەر بکردایە، من رێککەوتنی خراپ ناکەم."