یونیسێف دۆخی نالەباری منداڵان لە ئەڵمانیا ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی منداڵان لە 37 وڵات، ئەڵمانیای لە پلەی 25ەمین داناوە، کە لەدوای وڵاتانێکی وەک ئێرلەندا، کۆریای باشوور، رۆمانیا و سلۆڤاکیاوە دێت. راپۆرتەکە کاریگەریی هەژاری و دەوڵەمەندی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و توانای فێربوونی منداڵان تاوتوێ کردووە. بەپێی راپۆرتەکە، تەنیا 60%ی منداڵان و نەوجەوانانی تەمەن 15 ساڵ لە ئەڵمانیا توانای ئاسایی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە بیرکارییان هەیە.
شێنێ هیوا ئەحمەد، مامۆستایەکی نیشتەجێی ئەڵمانیا، بە دیاسپۆرای راگەیاند, جیاوازیی ئاستی داهاتی خێزانەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی خوێندکاران هەیە. بە گوتەی ئەو، خێزانە دەوڵەمەندەکان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەی تایبەت کە ئاستیان بەرزترە، لە کاتێکدا خوێندکارانی خێزانە هەژارەکان بەهۆی نەتوانینی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنەوە، ئاستی خوێندنیان دادەبەزێت.
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، خوێندکاران لە ئەڵمانیا کەمتر دەخوێننەوە و زیاتر کات بە سۆشیال میدیا و سەیرکردنی ڤیدیۆوە بەسەر دەبەن، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەی ئاستی نووسینیان. هەروەها رەخنەی لە سیستمی بیرۆکراتیی پەروەردە لە ئەڵمانیا گرت و بە هۆکاری دواکەوتنی بواری فێرکردنی زانی.
بەپێی ئاماری یونیسێف، 15%ی منداڵانی ئەڵمانیا هەژارن. شێنێ هیوا ئەحمەد پشتڕاستی کردەوە کە هەندێک خوێندکار پێداویستیی سەرەکییەکانیان نیە بۆ نموونە لاپتۆپ و ئایپاد، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی خوێندنیان دەکات.