ترەمپ، ئەردۆغان و سەرکردەکانی ناوچەکە بە تەلەفۆن پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ئێران تاوتوێ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەلەفۆن قسەیان کرد. لەو پەیوەندییەدا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێران و هەوڵەکانی ئاگربەست و رێککەوتن تاوتوێ کران.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەو پەیوەندییەدا کە سەرکردەکانی بەحرێن، ئیمارات، قەتەر، میسر، سعودیە، ئوردن، سوپاسالاری پاکستان و ئەندامانی کابینەی ئەمریکا بەشدار بوون، ئەردۆغان پێشوازی لە نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی رێککەوتن کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان وێڕای سوپاسکردنی ئەو وڵاتانەی بەشداربوون لە دانوستاندنەکاندا رایگەیاند: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە هاتووچۆی ئازاد لە تەنگەی هورمز دەستەبەر بکات، پاڵپشتی لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. تورکیا ئامادەیە هەموو پشتگیرییەکی پێویست بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ تاران پێشکێش بکات."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەرۆدغان لە پەیوەندییەکەدا رایگەیاندووە: "تورکیا هەمیشە لایەنگری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە؛ هەروەها خوازیاری قۆناخێکی نوێیە کە تێیدا وڵاتانی ناوچەکە نەبنە هەڕەشە بۆسەر یەکدی، چونکە ئاشتییەکی دادپەروەرانە هیچ دۆڕاوێکی نابێت". 
 
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، سەبارەت بە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئاشتی لەگەڵ ئێران، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام داوە.
 
ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران خەریکە دەگەنە ئەنجام و زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.