گەنجێکی کورد بۆ جەنگ چووەتە رووسیا: کەس هەڵەی من دووبارە نەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک دەڵێت، بە بەڵێنی نادروست بۆ شەڕکردن دژی ئۆکراینا چووەتە رووسیا و ئێستا رێگەی پێنادرێ بگەڕێتەوە. 

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، هەوڵی گەڕانەوەی ئەو کوردانە دراوە بۆ شەڕکردن دژی ئۆکراینا چوونەتە رووسیا. بەرپرسێکی حکومەتیش ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک گەنج بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە رووسیا و ئەو کارەش لە رێگەی ژمارەیەک کۆمپانیاوە دەکرێ.
 
ئەو هاونیشتمانییە کە لە رووسیاوە بۆ رووداو قسەی کرد و داوای کرد، بۆ پاراستنی ژیانی ناوی ئاشکرا نەکرێ، دەڵێت: "8ـی مانگی دووی ساڵی 2025 بۆ سەربازی کە حەزی خۆمە و لە هەرێمی کوردستان دانەدەمەزرام لە کەرتی سەربازی، هاتمە رووسیا و بوومە سەرباز". 
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "پێم گوترا کاتێک گەیشتیتە رووسیا و گرێبەستت واژۆکرد، 119 وەرەقەت وەک پێشەکی پێ دەدرێ".
 
هاونیشتمانییەکە گوتی: "کاتێک گرێبەستەکەم واژۆکرد، 71 وەرەقەم وەرگرت. هەروەها مووچەی مانگانەی 25 وەرەقە وەردەگرم، بەڵام ئەمە هیچ گرنگ نییە و تاوەکو سەر ئێسقان پەشیمانم، چونکە هیچ فەرمانێک بە دەستی خۆمان نییە و بەردەوامیش ژیانمان لە مەترسیدایە".
 
دوو ساڵە ناوبەناو هەواڵی چوونی کورد بۆ ریزەکانی سوپای رووسیا کە لە جەنگدایە دژی ئۆکراینا بڵاودەبێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "دوو کەسی دیکەی کورد هەبوون لەم سنوورەی من. یەکێکیان خەڵکی سنووری ئاکرێ و ئەوی دیکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوەی رۆژهەڵات بە سەختی بریندار بوو رەوانەی مۆسکۆ کرا بە مەبەستی چارەسەر".
 
ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "گوترا پاسپۆرتی رووسیات پێ دەدرێ، بەڵام ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نەبوو و تاوەکو ئێستا هیچ پاسپۆرتێکم وەرنەگرتووە. داواکارم هیچ گەنجێک بەو بەڵێنانە نەخەڵەتێ کە دەدرێ، چونکە بەڕاستی ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە".
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ: "سێ مانگە گرێبەستم تەواو بووە و رێگە نادەن بگەڕێمەوە. داواکارم لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکاربن بۆ گەڕانەوەم. ئێستا نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە بەرەی جەنگەوە دوورم و پێشتر زۆر نزیکتر بووم".
 
لەبارەی ئەوەی چۆن گەیشتووەتە رووسیا، ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "هیچ کەسێک هاوکاری نەکردووم؛ خۆم توانیم رێگە بدۆزمەوە و خۆم بگەیێنمە رووسیا".
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، کە کاری بۆ دۆسیەی ئەو هاونیشتمانییە و چەند کەسێکی دیکەی کوردی هاوشێوە کردووە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەنجە گرێبەستەکەی تەواو بووە، کارمان بۆ کردووە و باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا کردووە رێگەی گەڕانەوەی بدەن".
 
موسەننا ئەمین گوتی: "کوردێکی زۆر لە رووسیا هەن. چەند کەسێکیان پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە تاوەکو بەدواداچوون بۆ کەیسیان بکەین. هەندێکیان ئێستا دەنگیان نەماوە و نازانین چیان بەسەر هاتووە؛ هەروەها چەند کەسێکی دیکە چارەنووسیان دیارە و هەوڵ بۆ گەڕانەوەیان دەدەین".
 
پەرلەمانتارە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بەشێکی ئەو کوردانە براونەتە هێڵی پێشەوەی جەنگ و جگە لە بێسەروشوێنکردن، بەشێکیان لەلایەن ئۆکراینیاوە بە دیل گیراون و ئێستا لەو وڵاتە دەستبەسەرن".
 
موسەننا ئەمین دەڵێ: "لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی هەموو ئەوانەی چوونەتە رووسیا بۆ سەربازی. ئەوە کارێکی نایاساییە و ئەو کەسانە بێ پرسی دەوڵەت بوونەتە چەکدار لە وڵاتێکی دیکە کە ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی عێراقە".
 
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتی: "هەموو ئەو کورد و عێراقییانەی دەبرێن یان دەچنە رووسیا بۆ سەربازیی لەلایەن باندی تایبەتەوە کاریان بۆ دەکرێ، کە دەچێتە خانەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و تەواو نایاساییە".
 
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگاداری دۆسیەی چەند هاونیشتمانییەکن کە بۆ شەڕکردن دژی ئۆکراینا چوونەتە رووسیا.
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "ئەو کەسانە بە خواستی خۆیان چوون، تەمەنیان سەروو 18 ساڵە و لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بەشێوەی نایاسایی براون".