سەرۆکی بێلاڕووس: سەرۆکی ڤاگنەر رازیبووە جووڵەی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ رابگرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، پێشنیارێک پێشکێش بە ڤاگنەر کراوە کە گەرەنتیی پاراستنی سەلامەتیی چەکدارەکانی لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ و ئەویش بە پێشنیازەکە رازی بووە. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیران سەرۆکایەتیی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڤانگەردا کردووە و پێشنیاری بۆ کردووە، لە "بەرامبەر گەرەنتیی پاراستنی گیانی چەکدارەکانی، شەڕ بوەستێنێت."
 
سەرۆکایەتیی بێلارووس باسی لەوە کردبوو، پریگۆژین بە پێشنیارەکە رازیبووە و بڕیاریداوە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات. 
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بێلارووسدا هاتووە: "یەڤگینی پریگۆژین بە پێشنیارەکەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس رازیبوو بۆ ئەوەی جووڵەی چەکدارانی ڤاگنەر بوەستێنێت و رێوشوێن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بگرێتەبەر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆی لوکاشینکۆ لەگەڵ پریگۆژین، بە هاوئاهەنگیی و رەزامەندیی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە.