ئەمڕۆ رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوییە

24-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوییە، واتە ئەو رۆژەیە کە زەوی دەرەقەت مرۆڤایەتی نایەت و پێویستیی مرۆڤایەتی بۆ سەرچاوە ژینگەییەکان لەوە زیاترە کە زەوی بتوانێت لە ماوەی ساڵێکدا بەرهەمیان بێنێت.
 
ساڵ دوای ساڵ، کاریگەریی مرۆڤ لەسەر ژینگە زیادی کردووە، لە کاتێکدا توانای ژینگەیی زەوی، واتە توانای نوێکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی سەرچاوەکانی، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
 
ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی "رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی" ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بێتە پێشەوە، بە شێوەیەک کە لە ساڵی 1972، رۆژەکە 31ی کانوونی یەکەم بوو، واتە دوایین رۆژی ساڵەکە بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتووەتە مانگی تەممووز. 
 
رۆژەکە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی ناحکومیی "Earth Overshoot Day" بە پشتبەستن بە داتای زانکۆی یۆرکی کەنەدی و کارکردن لەگەڵ چەندین دامەزراوەی دیکەی جیهانی و نێودەوڵەتی دەستنیشان دەکرێت. 
 
دیاریکردنی ئەمڕۆ وەک رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی، بە واتەی ئەوە دێت کە مرۆڤایەتی، سەرچاوە سرووشتییەکان 1.8 هێندە خێراتر بەکاردەهێنێت لەوەی کە زەوی بتوانێت بەرهەمیان بێنێتەوە. 
 
واتە مرۆڤ بڕێکی زیاتر لە دوانۆکسیدی کاربۆن دەردات لەوەی گۆی زەوی بتوانێت هەڵیبمژێت، ئاوی سازگار زیاتر لەوەی نوێ دەبێتەوە بەکاردەهێنێت و زیادەڕۆیی لە سەرچاوە سرووشتیەکانی دیکەدا دەکات.
 
رێکخراوەکە لە راگەیێنراوی رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی بۆ ئەم ساڵ روونیدەکاتەوە، "تیپەڕاندنی توانای زەوی تەنیا هۆکاری لەدەستدانی فرەچەشنیی زیندەیی، کەمبوونەوەی سەرچاوەکان، بڕینەوەی دارستانەکان و کۆبوونەوەی گازە گەرمکەرەکان لە بەرگەهەوادا نییە، کە دیاردە نەخوازراوەکانی کەشوهەوا زیاتر دەکات؛ بەڵکو هانی هه‌ڵاوسان، نەمانی ئاسایشی خۆراک و وزە، قەیرانی تەندروستی و ململانێش دەدات".
 
دوایین جار کە رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی دواکەوت، ساڵی 2020 بوو، کاتێک پەتای کۆرۆنا جیهانی وەستاند و بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاربردنی سەرچاوەکان و دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆنی لەلایەن مرۆڤایەتییەوە کەمکردەوە. 
 
بەپێی لێکدانەوەی نوێی نوێترین داتا، ئەو ساڵە رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی کەوتە 9ی ئاب، بەڵام لە ساڵی 2021  بەخێرایی گەڕایەوە بۆ 29ی تەممووز، کاتێک ژیان وردە وردە لە بەشێکی زۆری جیهاندا ئاسایی بووەوە. بۆ ماوەی سێ ساڵی رابردوو، رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی لە 25ی تەممووزدا جێگیر ببوو، پێش ئەوەی ئەم ساڵ رۆژێک بێتە پێشەوە.
 
بیرۆکەی رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەندرو سیمز لە سەنتەری توێژینەوەی بەریتانی "New Economics Foundation"ـەوە خرایەڕوو، کە لە ساڵی 2006ـدا رێککەوتنی لەگەڵ "Global Footprint Network" کرد بۆ دەستپێکردنی یەکەمین هەڵمەتی جیهانیی پێوانەکردنی رۆژی تێپەڕاندنی توانای زەوی. رێکخراوی سندووقی جیهانی بۆ ژینگەپارێزی (WWF)، کە گەورەترین رێکخراوی پاراستنی ژینگەیە لە جیهاندا، لە ساڵی 2007ـەوە بەشداری لەم هەڵمەتەدا دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا