بەتۆمەتی سەربڕینی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لێکۆڵینەوە لە گۆرانیبێژێكی راپ دەکرێت


رووداو - ئاژانسەکان

ساڵی 2012 رادیۆی یەكی بی بی سی، مۆسیقای گەنجێكی بەناوی عەبدولومەجید عەبدولباری كە گۆرانی راپ دەڵێتەوە بڵاوكردەوە لە كاتێكدا لەبەر لێهاتوویی، ئەستێرەی ئەو گەنجە 22 ساڵە لە جیهانی مۆسیقادا بەرز دەبووەوە. 

ئێستا دەزگای هەواڵگری بەریتانیا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەسەر ئەو گەنجە، چونكە گومانی هەیە كە عەبدولمەجید ئەو كەسە بێت كە سەری رۆژنامەنووسی ئەمریكی جەیمز فۆلی لێكردەوە، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە ڤیدیۆیەكی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا بڵاوكرایەوە.
 
رۆژنامەی ئیندیپیندێنتی بەریتانی داوای لە شارەزایەكی دەنگ كردووە بۆ ئەوەی دەنگی ئەو بكوژە بەریتانییەی كە لە ڤیدیۆی سەربڕینی رۆژنامەنووسەكە قسە دەكات، لەگەڵ دەنگی مۆسیقاو ڤیدیۆكانی عەبدولمەجید بەراورد بكات و ئەو شارەزایە دەڵێت: "نزیكییەكی زۆر" هەیە لەنێوان دەنگەكاندا.
  
ساڵی رابردوو عەبدولمەجید كە لە جیهانی مۆسیقا بە "لێرێسێست جێن" ناسراوە، لە ماڵەكەی لە گەڕەكی مەیداڤێڵی رۆژئاوای لەندەن هاتە دەرەوە و دوای ماوەیەك دەركەوت كە رۆیشتووەتە ناو گرووپی داعش. 

یەكی مانگی 7ی 2013 عەبدولمەجید لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسی: "من ئەمە دوایین مۆسیقایە كە بڵاوی دەكەمەوە... من هەموو شتێكم بەجێهێشتووە لەبەر رەزای خودا".
 
سەرەتای ئەمساڵیش بەپێی رۆژنامەكانی بەریتانیا عەبدولمەجید لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وێنەیەكی خۆی بڵاوكردەوە، كە لە نزیكی رەقەی سووریا گیرابوو و سەری كوژراوێكی هەڵگرتبوو. بەرپرسانی تویتەر ئەكاونتی ئەو راپەرەیان بلۆككردووە و رووداو نەیتوانی راستی ئەو هەواڵە پشتڕاستبكاتەوە. 

عەبدولباری باوكی عەبدولمەجید ساڵی 2012 لە لایەن حكومەتی بەریتانیاوە رادەستی بەرپرسانی ئەمریكی كرا، چونكە گومان دەكرێت كە عەبدولباری هاوكارێكی نزیكی ئوسامە بن لادن سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بووبێت. واشنتن دەڵێت كە عەبدولباری دەستی هەبووە لە تەقینەوەكانی 1998 ی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، كە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 224 كەس. 

لە یەكێك لە ڤیدیۆكانی بە ناوی "سەرەتا"، عەبدولمەجید بە "دایك سۆزانی" دەستدەكات بە گۆرانییەكەی و دواتریش باسی مادەی هۆشبەر و تووندوتیژی بەرامبەر بە پۆلیس و جنێودان دەكات.   لە ڤیدیۆی "سەرەتا" دەڵێت:"شەرەف و شكۆم پێبدە، سوێند دەخۆم ئەو رۆژەی كە هاتن باوكم ببەن، دەمتوانی یەك یان دوو لەو پۆلیسانە بكوژم." 

شوێنی عەبدولمەجید كە پێنج برا و خوشكی هەیە لە سووریا نەزانراوە. پێش سڕینەوەی ئەكاونتەكەی لەسەر تویتەر نزیكەی 6 مانگ پێش ئێستا لە تویتێكدا دەڵێت:"بیری باوكم دەكەم، راستەقینەكە، خوا ئازادی بكات و ئێمە لە بەهەشت بە یەك بگەیێنێت."

عەبدولمەجید لەسەر تویتەر چەندین ناوی هەبووە لەوانە :"ئەبو كلاشینكۆف، سەربازی خودا، جیهادی." 

هاورێكانی عەبدالومەجید دەڵێن كە یەكێك لە هۆكارەكانی تووندڕەوبوونی، شەڕی ئەفغانستان و عێراق بووە.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دوای ئەوەی كە كەناڵێك لەگەڵ دایكی چاوپێكەوتن دەكات و باسی ئەو ژیانە تاڵەی دەكات كە بەهۆی مێردەكەی توشی بووە، عەبدولمەجید دەنووسێت:"لەوانەی كە دەیانناسم، دایكی من قێزەونترین مرۆڤە".