لە کۆڵن خۆپێشاندان بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ 

ئاڵای کوردستان، وێنەی ژینا ئەمینی و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەرزکرایەوە و خۆپێشاندان بۆ پشتگیریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو. خۆپێشاندەران بە زمانی کوردی، فارسی و ئەڵمانی پەیامیان بە جیهاندا. 
 
نەهیە خۆشکەلامی خۆپێشاندەرێکی کۆڵنە و دەڵێت: لەبەر دوو هۆکار ژینایان کوشت یەکەم، کوردبوونەکەی دووەم، ژنبوونەکەی. ساڵانێکی زۆرە کێشەی حیجاب هەیە، ئەمە یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانە کە مافی زیاتر بدرێت بە ژنان و ژینا بوو بە دڵی بوو بە بزووتنەوەیەک و چەخماخی شۆڕشێکی لێدا کە بووە هۆکاری ئەوەی تەواوی نەتەوەکان لە دەوری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆببنەوە. 
 
ناوەندەکانی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستان خۆپێشاندانەکەیان سازکرد. حیسام ئەحمەد، خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و رۆژانە چەندین کاژێر لە پەیوەندیدایە لەگەڵ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
حسیام ئەحمدی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەڵمانیا لەبارەی خۆپێشاندانەکانەکەیانەوە رایگەیاند: دوو پەیامی گرنگی تێدابوو، یەکێکیان بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی راپەڕیوی ئێران بۆ ئەوەی پێیان بڵێین، ئێمەش لەگەڵ ئێوەین، ئێمەش لە پشتی هەنگاوەکانی ئێوەین، لەگەڵ هاواری مافخوازانی ئێوەین.. بۆ میللەتی کوردیش وەکو نەتەوەیەک بۆ داهاتووی خۆمان خەباتەکەمان پەرەپێبدەین و لە پشت داخوازییە رەواکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بین. 
 
لە خۆپێشاندانەکەدا وێنەی ئەو کەسانە دانران کە لە چەند رۆژی رابردوو گیانیان لەدەستدا. تاوەکو ئێستا ئێران هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بە نزیکەی 1500 بریندار و زیاتر لە 30 کوژراو دەکەن. 
 
شلێر خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵات کوردستانە و بەدڵی پڕ لە گریانەوە عەوداڵی هەواڵی خزم و کەسوکارەکەیەتی و گوتی: خەفەتبارم بۆ ژینا و هەموو ژیناکان بۆ بێ هەواڵی لە کەسوکارمان.. هیوادارم قژی ئێمە ببێت بە پەتی سێدارەی دووژمن. 
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە تاران، رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆربەی شارەکانی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە خۆپێشاندان دەکرێت.