بۆ دووەم جار مافی هاووڵاتیبوونی ئیتاڵیا بەخشرایە دوو ژنە چالاکڤانی کورد
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری فابریانۆی ئیتاڵیا، رێوڕەسمێک بۆ بەخشینی مافی هاووڵاتیبوون بە سێ ژنە چالاکڤانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو، کە ئێستا لە گرتووخانەدان و بە لەسێدارەدان سزادراون.
رێوڕەسمەکە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی شاری فابریانۆ بەڕێوەچوو و مافی هاووڵاتیبوونی شانازی بەخشرایە پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی، وریشە مورادی، چالاکڤانی سیاسی و هەروەها شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاری.
دانیێلا گیۆرگێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری فابریۆ لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەدا رایگەیاند، ئەو سێ چالاکڤانە ژنە بۆ هێنانەدیی ئازادی، یەکسانی و شکۆمەندیی بۆ مرۆڤ هەوڵیانداوە. گوتیشی، بەخشینی مافی هاووڵاتیبوونی شانازی تەنیا رێزگرتن لەوان نییە، بەڵکو رێزێکە لە بەهای ژیان و شکۆی مرۆڤی دەگرن.
ماریا ریچۆتێتی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری فابریانۆی ئیتالیا لە 29-08-2025 رایگەیاند، ئەنجوومەنی شارەکە بە تێکڕای دەنگ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی.
لە شوباتی ئەم ساڵیشدا، ئەنجوومەنی شاری فلۆرانسی ئیتالیا بڕیاریدابوو مافی هاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتە ببەخشێت بەو سێ چالاکڤانە ژنەی بەهۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە گرتووخانەدان و بە لەسێدارەدان سزا دراون.
پەخشان عەزیزی، خەڵکی مهابادە و ساڵی 2023 لە تاران دەستبەسەر کرا دوای گەڕانەوەی لە باشووری کوردستانەوە. عەزیزی توێژەری کۆمەڵایەتییە و لە کاتی شەڕی داعش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان هاوکاری لێقەوماوانی شەڕ و ئاوارەکانی کردووە. لە دادگەی تاران بە تۆمەتی چالاکی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێران بە لەسێدارەدان سزادرا و سزاکەی پەسند کراوە.
وریشە مورادیش لە مانگی هەشتی ساڵی 2023ـەوە لە رێگەی نێوان کرماشان- سنە دەستبەسەرکراوە. ئەو چالاکڤانە سیاسییەش، بە تۆمەتی چالاکی چەکداری بەرامبەر حکومەتی ئێران بە لەسێدارەدان سزا دراوە.
هەروەها شەریفە محەممەدی، خەڵکی شاری رەشتە لە باکووری ئێران و چالاکڤانی بواری کرێکارییە. ساڵی 2023 بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنێکی کۆمەڵە بە لە سێدارەدان سزا درا و دواتر دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزاکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا لە گرتووخانەیە.