براوەی خەڵاتی شیفا گەردی: رێز لە شیفا و ئازایەتی و میراتە بەردەوامەکەی دەگرم


رووداو دیجیتاڵ

براوەی ئەمساڵی خەڵاتی شیفا گەردی دەڵێت، میراتی شیفا گەردی وەک چرایەک بۆ ئازایەتی و قوربانیدان دەمێنێتەوە. دەشڵێت، "دەنگدانەوەی شۆک و خەمەکەم لەبیرە کاتێک شیفا کوژرا. هەرچەندە یەکدیمان نەدیبوو، بەڵام زۆربەی کات بیرم لێدەکردەوە کاتێک بە شوێنپێی ئەودا بەرەو موسڵ دەڕۆیشتم".
 
ئۆرلا گوێرین، پەیامنێری بەنێوبانگی (BBC) و براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتیی شیفا گەردی بۆ ئەم ساڵ، لە پەیامێکدا باس لەو بەرپرسیارێتییە دەکات لەسەر شانی رۆژنامەڤانانە، دەڵێت، "وەک رۆژنامەڤان، هەموومان دەزانین مەترسی بەشێکە لە کارەکەمان، بەڵام هەر دەڕۆین، چونکە بەرپرسیارێتیمان لەسەرە لە مەیدانەکەدابین و ئەوەی روودەدات بیبینین و راپۆرتی بکەین". 
 
ئۆرلا گوێرین باسی دۆخی سەختی رۆژنامەڤانانی ژن دەکات لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا و دەڵێت، "لە کاتی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا، دەمەوێت رێز لە شیفا و ئازایەتی و میراتە بەردەوامەکەی بگرم".
 
ئەندامانی هەمیشەیی کۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی دەڵێن، دوای لێکۆلینەوە لە کاری مەیدانی و بنکۆڵکاریی رۆژنامەڤانانی ژن لە ساڵی رابردوودا، "بڕیارماندا خەڵاتی ساڵی 2026ـی شیفا گەردی بدەینە ئۆرلا گێرین، پەیامنێری BBC، بەهۆی کارکردنی لەسەر شەڕ و مەینەتییەکانی خەڵکی سیڤیل بەهۆی شەڕەوە، لەوانەش شەڕ لە سووریا و رۆژئاوا".  
 
ئۆرلا گوێرین لەبارەی خەڵاتەکەوە دەڵێت، "جێگەی شانازییە کە خەڵاتی شیفا گەردی وەردەگرم و رێز لە میراتی ئەم رۆژنامەڤان کوردە ئازایە دەگرم، کە لە تەمەنی 30 ساڵی دا ئەوەندە دەستکەوتی زۆری هەبوو."
 
دەقی پەیامەکەی:
 
جێگەی شانازییە کە خەڵاتی شیفا گەردی وەردەگرم و رێز لە میراتی ئەم رۆژنامەڤان کوردە ئازایە دەگرم، کە لە تەمەنی 30 ساڵی دا ئەوەندە دەستکەوتی زۆری هەبوو. هەروەها زۆر شەرەفمەندم کە دەچمە ریزی ئەو ژنانەی پێش من ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، لەوانە لیز دووسێت، ئەلێکس کراوفۆرد و کلاریسا وۆرد؛ من لەنێو باشترین کۆمەڵەدام.
 
وەک رۆژنامەڤان، هەموومان دەزانین کە مەترسی بەشێکە لە کارەکەمان، بەڵام هەر دەڕۆین، چونکە بەرپرسیارێتیمان لەسەرە لە مەیدانەکەدابین و ئەوەی روودەدات بیبینین و راپۆرتی بکەین. 
 
بێگومان شیفا کاتێک لە ساڵانی 2016 و 2017 رووماڵی هێرشەکانی دژی رێکخراوی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی دەکرد، ئاگاداری مەترسییەکان بوو. ئەو هەر رۆیشت و بەرنامەیەکی رۆژانەی پێشکەش دەکرد. ئەوە چیرۆکێک بوو کە منیش رووماڵم دەکرد و دەنگدانەوەی شۆک و خەمەکەم لەبیرە کاتێک شیفا کوژرا. هەرچەندە یەکدیمان نەدیبوو، بەڵام زۆربەی کات بیرم لێدەکردەوە کاتێک بە شوێنپێی ئەودا بەرەو مووسڵ دەڕۆیشتم.
 
پێموایە جەوهەری رۆژنامەگەریی ئەمڕۆ هەمان ئەو شتەیە کە هەمیشە هەبووە: ئەویش بوونە شایەتحاڵە. ئەم وشانە وشەی من نین، بەڵکو مارسا گێڵهۆرن، پەیامنێری پێشەنگی جەنگ، دەیان ساڵ لەمەوبەر ئەوانەی نووسیووە. ئەو خۆی شایەتحاڵی زۆربەی ساتە هەستیارەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بوو. دوای 80 ساڵ، پێموایە "بوونە شایەتحاڵ" هێشتا رۆڵی سەرەکیمانە. 
 
ئێمە لە سەردەمی زانیاریی چەواشەکارانە، راستییە دەستکردەکان و هێرشکردنە سەر زانست و راستی دا دەژین. لەکاتێکدا ژیریی دەستکرد رێگە خۆش دەکات بۆ ئاستێکی زۆر باڵاتر لە یاریپێکردن و دەستکاریکردنی راستییەکان، لە هەمان کاتدا لە سەرانسەری میدیادا کەمکردنەوەی بودجە و لەدەستدانی هەلی کار دەبیندرێت.
 
رۆژنامەی (واشنتن پۆست) لە درووشمە فەرمییەکەیدا دەڵێت: "دیموکراسی لەنێو تاریکیدا دەمرێت". بەڕاستی وایە، بەڵام لە کاتێکدا من ئەم گوتارە تۆمار دەکەم، زۆر لە باشترین پەیامنێرە بیانییەکانی واشنتن پۆست ئێستا بێکار بوون. راپۆرتە پلە یەک و مەیدانییەکانی ئەوان چیدیکە لەو رۆژنامەیەدا نابن، کە پێشتر وەک ئەرشیفێکی متمانەپێکراو بوو. ئایا ئێستا دەبێت چ شتێک لە لاپەڕەکانی دا فەرامۆش بکرێت؟
 
من لە ساڵی 1990ـەوە دەستم بە کارکردن کرد لەسەر هەواڵەکانی دەرەوە. ئەوکاتە هەرگیز هەستم نەدەکرد تەنیا لەبەر کارەکەم بکرێمە ئامانج. پێموابوو تێگەیشتنێک هەبوو کە پەیامنێرەکان بێلایەنن و دەبێت وەک خۆیان بمێننەوە. ئەو رۆژانە کۆتاییان هاتن.
 
ئەوانەمان کە بە بەختین چاکەتی گولـلەنەبڕ و مەشقی فریاگوزاریی سەرەتایی و ئۆتۆمبێلی زریپۆشمان هەیە، بەڵام زۆربەی رۆژنامەڤانان ئێستا لە ململانێیەکانی ئۆکرانیاوە تاوەکو سوودان، لە مەکسیکەوە تاوەکو غەززە، دەکرێنە ئامانج؛ غەززە کە کوشندەترین شوێنی جیهانە بۆ بوون بە رۆژنامەڤان. 
 
بەپێی ئامارەکانی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ، ساڵی رابردوو 129 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی کوژراون. لیژنەکە دەڵێت، 56 لەوانە فەڵەستینی بوون کە بەدەستی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون. 
 
رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ لە غەززە گوتوویەتی، خەریکە نە شوێنێکی دەمێنێت لێوەی راپۆرت بکات و نە هاوپیشەیەکیشی ماوە، کە پێکەوە راپۆرت ئامادە بکەن. 
 
غەززە ئەو جەنگەیە کە ئێمە لە مەیدانەکەدا رووماڵمان نەکردووە. لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، کاتێک حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگەیان بە میدیاکانی جیهان نەداوە بچنە ناوەوە. هیچ ململانێیەکی دیکەم بیر نایێت کە رۆژنامەڤانانی نێودەوڵەتی بۆ ماوەیەکی ئاوا درێژ لێی بێبەش کرابن و رێگرییان لێکرابێت لەوەی ببنە شایەتحاڵ. تەنیا کاتێک رۆژنامەڤانە بیانییەکان رێگەیان پێدەدرێت کە لە گەشتە رێکخراوەکاندا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بن. 
 
باری گران و بەرپرسیارێتی راپۆرتکردنی مەیدانی تەنیا کەوتووەتە سەر شانی هاوکارە فەڵەستینییەکانمان، کە زۆریان لەکاتی کارەکەیاندا کوژران. هەموومان دیمەنی پرسەکانمان بینیوە کە چاکەتی رۆژنامەڤانی خراوەتە سەر تەرمەکان. ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی رۆژنامەڤانان رەتدەکاتەوە، بەڵام نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، ئەوەی بە 'شێوازێکی سوپای ئیسرائیل بۆ کوشتنی رۆژنامەڤانان لە غەززە' ناوبردووە و سەرکۆنەی کردووە.
 
لە کاتی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا، دەمەوێت رێز لە شیفا و ئازایەتی و میراتە بەردەوامەکەی بگرم. هەروەها دەمەوێت یادی ئەو رۆژنامەڤانانەی غەززە بکەمەوە کە هێشتا کاردەکەن و هێشتا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ببنە شایەتحاڵ.