ئەدریان وێڵز: خەڵاتی شیفا گەردی رێزگرتنە لە بەهرەی پەیامنێرانی ژن لە جیهان


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ ئاڵوگۆڕی هەواڵ (ئینێکس) دەڵێت، خەڵاتی شیفا گەردی نەک تەنیا یادکردنەوەی میراتی رۆژنامەڤانێکی ئازایە، بەڵکو چرکەساتی هیوا و رێزگرتنە لە باشترین بەهرەی پەیامنێرانی ژن لە سەرانسەری جیهان. 
 
ئەدریان وێڵز ستایشی رووداو دەکات کە "سەرەڕای ئەوەی رۆژنامەڤانی لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام وەبەرهێنان لە رۆژنامەگەریدا دەکات." هەروەها براوەی ئەمساڵ بە کەسێکی شایستە ناودەبات کە "بێوچان لە سەختترین ژینگەکانەوە" چیرۆکی ئازاری خەڵکی ئاسایی گواستووەتەوە.
 
دەقی پەیامی ئەدریان وێڵز:
 
هاوڕێ و هاوکارانی خۆشەویست؛ جارێکی دیکە ساڵیادی خەمناکی مەرگی تراژیدیی شیفایە. وەک هەمیشە، ئەمە ساتێکی پڕ لە خەمە بۆ تێڕامان لەو ژیانەی کە زۆر کورت بوو، لەکاتێکدا خەریکی راپەڕاندنی ئەرکەکەی بوو بۆ ئەوەی لایەنی مرۆیی بخاتە نێو راپۆرتەکانییەوە و پیشانی بدات، کە چۆن دەکرێ ململانێیەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی بێ تاوان هەبێت.
 
بەڵام ئەمە چرکەساتی هیوا و دڵخۆشیشە کە تێیدا میراتی شیفا بەم شێوەیە یاد دەکرێتەوە، ئەوەش بە رێزگرتن لە باشترین بەهرەی پەیامنێرانی ژن و ئەو چیرۆکانەی لە سەرانسەری جیهانەوە دەیاندەنە وەرگران. 
 
رۆژنامەڤانیی پیشەیەکە کە لە ژێر هەڕەشەدایە و دامەزراوە میدیاییە هەواڵییەکان بە ئەستەم دەتوانن کەرەستە پێویستەکانیان دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی باشترین پەیامنێرەکانیان، چ ژن و چ پیاو، بچنە ئەو شوێنانەی کە دەبێت رۆژنامەڤانەکان بیانگەنێ بۆ گواستنەوەی دیمەنی ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ، شار و ناوچەکان روودەدات. 
 
جێگەی سەرنجە کە رووداو پێچەوانەی ئەم رەوتە دەوەستێت و خزمەتگوزاری و گەیشتن بە شوێن و بینەری خۆی فراوانتر دەکات، وەبەرهێنان لە رۆژنامەگەریدا دەکات و داهێنان دەکات. دڵنیام ئەمە ئەو سەرکەوتنەیە کە شیفا بۆ کەناڵەکەی دەیخواست، هەروەها دەیویست کەناڵەکەی بەردەوامبێ و گەشە بەم کارە گرنگە بدات.
 
براوەی ئەم ساڵ بە دڵنیاییەوە شایستەی ئەو خەڵاتەیە کە بە ناوی شیفاوەیە. ئەو کەسە بێوچان لە هەندێک لە سەختترین ژینگەکان و شوێنە دەستپێنەگەیشتووەکانەوە راپۆرتی کردووە. ئەو رۆژنامەڤانەش هەمیشە لە کارەکانی دا خەمێکی سەرەکی بووە، ئەویش ئەو ئازار و لێکەوتانەیە کە خەڵکی ئاسایی زۆرجار ناچارن لەو دۆخانەدا بەرگەیان بگرن کە خۆیان هەڵیاننەبژاردووە.
 
من بە تایبەتی دڵخۆشم کە ئۆرلا گێرین براوەی خەڵاتی ئەم ساڵەیە، چونکە ساڵانێک لەمەوبەر لەگەڵی لە بی بی سی کارم کردووە و دەزانم چەند بۆ پیشەکەی دڵسۆزە و چەند بە رژدی بەرپرسیارێتیی راپۆرتەکانی لەئەستۆ دەگرێ. دەستخۆشی لێدەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە سەرنجڕاکێشە.