هۆڵەندا.. بەشێک دژ بە راستڕۆکان پشتگیری لە موسڵمانانی ئەو وڵاتە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک هۆڵەندی لە ئەمستەردام درووشمی "ئێمە موسڵمانانی هۆڵەندامان خۆش دەوێن"یان بەرز کردووەتەوە و دەڵێن، نایانەوێت سەرکەوتنی پارتە راستڕۆکەی "ڤیڵدەرز" ببێتە مایەی نیگەرانی ئەو هۆڵەندییانەی کە بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانن.
 
سۆر رایدن، هاووڵاتییەکی هۆڵەندایە و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرم. خەڵکێكی زۆر دەنگی داوە و دەنگی ئەوانیش گرنگە. بەڵام هاتوومەتە ئێرە تاوەکو رێگری لە ئاساییکردنەوەی رەگەزپەرستی و دابەشبوونی خەڵکی بکەم؛ دەبێت خەڵکی وریا بن، چونکە ئەو رقە دەکرێت ئێمە بە رێگەیەکی مەترسیداردا ببات".
 
خیرت ڤیڵدەرز کە بە ترەمپە هۆڵەندییەکە ناوبانگی دەرکردووە، لە دەرەوەی هەموو پێشبینییەکان پلەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هۆڵەندای بەدەستهێنا و هەر ئەو شەوە پەیامی خۆی و پارتەکەی بە گوێی هۆڵەندییەکان و ئەوروپییەکان دا.
 
خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی بۆ ئازادی هۆڵەندا گوتی، "35 کورسیمان بە دەستهێناوە. ئێمە گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانی هۆڵەنداین. پەیاممان روونە، گەورەترین هەڕەشەی سەر ئێمە یەکێتی ئەوروپا و شەپۆلی کۆچبەرانە، کار بۆ گەڕانەوەی هۆڵەندا بۆ هۆڵەندییەکان دەکەین".

 

 
لە کۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، پارتە راستڕۆکان لە 13 وڵات کورسی پەرلەمانیان هەیە؛ کەمترینی 4% لە سویسرا و زۆرترینی لە هەنگاریایە کە 59%یە. ئەوان خاڵی هاوبەشیان بە پلەی یەکەم دژایەتیکردنی کۆچبەرانە.
 
دیدەریک فان ڤایک، شرۆڤەکارە دەڵێت، "پێم وایە پارتەکەی ڤیڵدەرز سەرنج دەخاتە سەر کۆچبەر و پەناخوازی. ئەم مۆدێلە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا بڵاوبووەتەوە، پارتی جێگرەوە لە ئەڵمانیا، پارتە راستڕۆکەی لۆپێن لە فەرەنسا، هاوپەیمانیی راستڕۆکان لە سوێد. بەرەبەرە گەشە دەکەن و بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر پەرلەمانی داهاتووی ئەوروپا و سیاسەتەکانی دەبێت".
 
سەرکەوتنی پارتەکەی ڤیڵدەرز لە ئەوروپا نوێترینە بەڵام دوایین نابێت؛ پێشبینی دەکرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا لانیکەم راستڕۆکان لە دوو وڵاتی دیکەی ئەوروپا براوە بن و ئەرکی پێکهێنانی حکومەتیان پێ بسپێردرێت؛ ئەرکێکە لە هەنگاوی یەکەمدا لە پرسی کۆچبەران رەنگدەداتەوە.