سوێد رێکارەکانی پێدانی وەڵاتینامە قورستر دەکات؛ '8 مانگ دەرفەت هەیە'
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد رێکارەکان لە بەرامبەر پێدانی وەڵاتینامە یاخود پاسپۆرت قورستر دەکات، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ جێبەجی نابێت. بەو پێیە تاوەکو "هەشت مانگی دیکە" دەرفەت لەبەردەم ئەو کەسانەی داوای وەڵاتینامەیان کردووە، هەیە.
تەوەرێکی دیکە کە هێمن عەبدوڵڵا لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو لە شەوی هەینی (26-01-2024) پێشکێشکرا، باسی کرد، پرسی قورسکردنی رێکارەکانی پێدانی وەڵاتینامەی سوێدییە لەلایەن ئەو وڵاتەوە و گوتی، "ئەو کەسانەی داوای وەڵاتینامەیان لە سوێد کردووە هەشت مانگیان لە بەردەمە."
حکومەتی سوێد دەیەوێت بە هەموارکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری وابکات وەرگرتنی وڵاتینامە قورستر ببێت. ماریا مالمەر ستێنەرگارد، وەزیری کۆچبەرانی سوێد دەڵێت، ئەو رێکارانە بۆیە قورستر دەکەن، دەیانەوێت چیدیکە رێگە نەدەن نەک هەر ئەوانەی تاوانیان کردووە، بەڵکو ئەوانەش کە گومان دەکرێت تاوانێکیان کردووە، ببنە هاووڵاتیی سوێد.
جگە لەوە حکومەتی سوێد بەتەمایە ئەوانەش کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە گرووپ و رێکخراوی دیاریکراوبن یان سەلمێندرابێت، سەر بەوانن لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش بکات.
ئەو نیازەی حکومەتی سوێد نیگەرانیی لای هەندێک کوردی دانیشتووی سوێد دروستکردووە، کە لەژێر گوشاری دەوڵەتی وەکو تورکیادا، یاسا نوێکان لەدژی ئەوان بەکاربهێندرێن.