6 زمان چیرۆكی پەنابەرێكی كورد دەگێڕنەوە

رووداو - ئەسینا

سەبریە، ئەو ژنە پەنابەرە كوردەی كە بەو نیازە زێدی خۆی بەجێهێشت بە ئەندامانی بنەماڵەكەی شاد بێتەوە لە ئەڵمانیا، قەدەری وابوو كە لە یۆنان بگیرسێتەوە. سەبریە ئێستا بووەتە چیرۆكی رۆژنامەكان و شاشەی تیڤییەكان، تاوەكو ئێستاش شەش زمان چیرۆكی ئەو پەنابەرە كوردەیان گێڕاوەتەوە.

سەبریە بەپێی ناسنامەكەی، ساڵی 1907 لە شاری تربەسپی لە رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە. لەوانەیە تەمەنی ئەو پیرەژنە چەند ساڵ كەمتر یان زیاتر بێت، چونكە تۆمارەكانی ئەو سەردەمە تەواو ورد نین، بەڵام بە سەروسیمایەوە دیارە كە هەر هیچ نەبێت 100 ساڵ ژیاوە.

سەبریە خەلەف ئێستا لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان گیرساوەتەوە، ناتوانێ بگاتە منداڵەكانی لە ئەڵمانیا. رەوشی ئەو پیرەژنە بووەتە جێی سەرنجی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان. بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ چارەیەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە ئازارەكانی. چیرۆكی ئاوارەبوونی سەبرییە تاوەكو ئێستا بە شەش زمان بڵاوكراوەتەوە (عەرەبی، ئیسپانی، ئینگلیزی، فەرەنسی، یۆنانی و كوردی).

كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) لە یۆنان، لەسەر ماڵپەری یوتیوب ( (UNHCRGreece ڤیدیۆیەكی دەربارەی ژیانی سەبریە بڵاوكردووەتەوە. لەو گرتە ڤیدیۆیەدا سەبریە لە ماوەی یەك خولەك و نیودا داوادەكات بیگەیەننە ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی لە ئەڵمانیا.

سەبریە دەڵێ هەرگیز ئەڵمانیا لەبیریدا نەبووە، بەڵام بۆ مەبەستی بینینی منداڵەكانی رووی كردووەتە ئەو وڵاتە "گوتم با پێش مردن منداڵەكانم ببینمەوە. بەخوا ئەڵمانیا بە كەڵكم نایەت و كەسانی وەكو من نایەنە ئەڵمانیا. بەڵام ئەوە ئاگری جگەرە رامدەكێشێت."

سەبریە لەوە دەترسێت كە بە حەسرەتی بینینی ئەوانەوە لەم دونیایە باربكات، پێش ئەوەی بیانبینێ "بەخوا باوەڕناكەم بیانبینمەوە، هەرگیز باوەڕ ناكەم. نەخۆشم و دەمرم" سەبرییە بەدەم گریان و فرمێسك باراندنەوە ئەو قسانە دەكات.

پێنج مانگ لەمەوبەر، سەبریە لەگەڵ كەنعانی كوڕی و هاوسەری كەنعان تربەسپی بەجێدێڵن، بە ئومێدی ئەوەی كە بە زووترین كات پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەكەیان بكەن لە ئەڵمانیا. كەنعان لە كەلاوە خانوویەكی شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان باسی ژیانی خۆی بۆ رۆژنامەنووسێكی ئیسپانی دەكات و دەڵێت "تربەسپی لە هەموو ناوچەكانی دیكە سەقامگیرتر بوو. بەڵام ئیسلامییە توندڕەوەكان دەستیانكرد بە چالاكیی تیرۆریستی."

لە كۆی 9 منداڵی سەبریە، ئێستا چواریان لە ژیاندا ماون و 29 نەوەشی هەیە كە زۆربەیان لە ئەڵمانیا دەژین. دوا داواكاری سەبرییە ئەوەیە كە بەر لە مردن بتوانێ نەوەكانی لە باوەش بگرێت.

بەهزاد یاگماین، پرۆفیسۆری ئابووری سیاسی لە زانكۆی راماپۆی نیوجێرسی ئەمریكا كە لە مانگی كانوونی دووەمدا سەبریەی لە ئەسینا بینیبوو و لە نزیكەوە ئاگاداری بەسەرهاتی ئەو ژنە بوو، وتارێكی نووسی لەسەر ئەو پیرەژنە تەمەن سەدساڵە بەناوی "شەڕی ناوخۆی سووریا و بەتەمەنترین پەنابەری جیهان" وتارەكەی لە سایتی گڵۆبالیستدا بڵاوكرایەوە. هەمان وتار بە زمانی فەرەنسیش لەسەر سایتی (Okea News) بڵاوكرایەوە.

بەهزاد یاگماین لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند لە ماوەیەكی نزیكدا كەمپەینێك دەستپێدەكات بە ئامانجی رەوانەكردنی سەبریە بۆ ئەڵمانیا "وەرن با لەگەڵ چیرۆكی سەبریە بژین. وەرن هاوكاری سەبریە بكەین بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێزانەكەی شادبێتەوە لە ئەڵمانیا".