ترەمپ: ئێرانییەکان بە پەرۆشن تاوەکو رێککەوتن بکەن، بەڵام دەترسن رایبگەیێنن

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختدەکاتەوە کە ئێران بە "نهێنی" خەریکی دانوستاندنە بۆ گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هۆشداری دەداتە تاران کە ئەگەر "شکست"ـەکەی قبووڵ نەکات، "دۆزەخی بەسەردا دەبارێنن."
 
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەخوانێکدا بۆ ئەندامانی کۆماری لە کۆنگرێس رایگەیاند: "ئەوان [ئێرانییەکان] خەریکی دانوستاندن و زۆر بە پەرۆشن بۆ رێککەوتن، بەڵام دەترسن رایبگەیێنن، چونکە پێیان وایە ئەگەر ئەو کارە بکەن لەلایەن تاقمەکەی خۆیانەوە دەکوژرێن."
 
هەروەها ترەمپ گوتیشی: "هەروەها دەشترسن لەوەی لەلایەن ئێمەوە بکوژرێن."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو "نیازی دانوستانمان نییە" و میدیاکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن تاران وەڵامی نەرێنی داوەتەوە بە پلانێکی 15 خاڵی واشنتن.
 
کارۆلاین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سەرۆک ترەمپ ئامادەیە 'دۆزەخ' (Hell) بەر بداتە گیانی ئێران ئەگەر ئەو راستییە قبووڵ نەکەن کە لەڕووی سەربازییەوە تێکشکاون." هۆشداریشی دا تاران کە جارێکی دیکە "هەڵە نەکاتەوە."
 
لەبارەی ئەوەی ئەمریکا لە تاران لەگەڵ کێ دانوستان دەکات، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و ونبوونی موجتەبای کوڕی، گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی زانیاری نەدا، بەڵام بەگوێرەی میدیای ئەمریکی واشنتن لە رێگەی محەممەد باقەر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە پەیوەندییەکان ئەنجام دەدات.
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان کە داوایان لێکردبوو بۆ هەر هێرشێک رەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت و گوتی: "ئەوان حەزیان بە وشەی 'جەنگ' نییە، بۆیە من وشەی 'ئۆپەراسیۆنی سەربازی' بەکاردەهێنم."
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە کە ئێستا لە هەفتەی چوارەمیدایە، بە گوتەی کۆشکی سپی 4 بۆ 6 هەفتە دەخایێنێت. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە، ترەمپ سەردانەکەی بۆ چین دواخستووە بۆ نێوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو.