باوکێک لە راستەوخۆی فەیسبووک کچەکەی خۆی دەکوژێت
رووداو- هەولێر
پیاوێک لە تایلەند لە راستەوخۆی فەیسبووک کچە تەمەن 11 مانگییەکەی خۆی کوشت، پاشان خۆیشی کوشت.
لە شاری پوکێت-ی تایلەند، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ، دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوژینەکەی، بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی بەنیازبووە جێیبهێڵێت کچەکەی و خۆی دەکوژێت.
ئەو گەنجە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەدا راستەوخۆی فەیسبووکی کردووەتەوە و، خەڵکێکی زۆر گەواهیدەری راستەوخۆی رووداوەکە بوون، یەکێک لەو گەواهیدەرانەش هاوژینەکەی خۆی بووە.
دایکی منداڵەکە بە بینینی دیمەنەکە هەواڵی بە پۆلیس داوە، بەڵام کار لەکار ترازاوە و هەوڵەکانیان بێسوود بوون. باوکی منداڵەکە پەتێکی خستووەتە ملی کچەکەی و هەڵیواسیوە، سەرەتا دەنگی گریانی دێت، دواتر گیان لەدەستدەدات .
رووداوەکە دەنگۆیەکی زۆری لە تایلەند ناوەتەوە، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا. چیرانەت ترەیرات، هاوژینی بکوژەکە دەڵێ، هاوژینەکەی کەسێکی تووندڕەو بووە و پێشتر دوو ساڵ لەسەر تووندئاژۆیی زیندانیکراوە.
فەیسبووک هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ بلۆککردنی ڤیدیۆی کاتی کوشتنی منداڵە تەمەن 11 مانگییەکە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە ماوەیەک پێش ئێستا پیاوێکی ئەمریکی بەهۆی ئەوەی خۆشەویستەکەی جێیهێشتبوو، لە لایڤی فەیسبووکەوە پیاوێکی بەتەمەنی بە گوللـە کوشت، دوای ماوەیەک فەیسبووک هەم ڤیدیۆی ساتی کوشتنەکە و هەم ئەکاونتی ئەو پیاوەی سڕیەوە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار