ژیاننامەی عەبدولفەتاح سیسی و حەمدین سەباحی
رووداو- قاهیرە
دوێنێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوامدەبێت، تێیدا زیاتر لە 53 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەو دوو کاندیدەی هەن، کە بریتین لە عەبدولفەتاح سیسی، سوپا سالاری پێشووی میسرو پلاندانەری لەکارلابردنی محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر و حەمدین سەباحی.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی میسر دووەم هەڵبژاردنی هاوشێوەیە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی میسر بە سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک لە ساڵی 2011.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی میسر بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشوو لەلایەن کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی میسرەوە، کە داوای گەڕانەوەی محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دەکەن، بایکۆت دەکرێ.
ئەم هەڵبژاردنە لە دوای رووخانی رژێمی موبارەک بەڕێوەدەچێ پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی پێشوو و پەرلەمانی پێشووی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2012، جگە لە ئەنجامدانی سێ راپرسی لەسەر هەموارکردن و دووبارە داڕشتنی دەستووری میسر.
* سیسی ناوی تەواوی : (عەبدولفەتاح سەعید حوسێن خەلیل ئەلسیسی)ە.
- مێژووی لە دایکبوون: ١٩ نۆڤەمبەر ساڵی ١٩٥٤ لە پارێزگای مەنوفیە کە دەکەوێتە باکووری میسر لە دایکبووە و تەمەنی ٥٩ ساڵە.
* ژیانی سەربازی :
- لە رۆژی ١ی نیسانی ساڵی ١٩٧٧ لە کۆلێژی سەربازی دەرچووە.
پۆستە سەربازییەکان :
- سەرۆکی بەشی زانیاری لە ئاسایشی گشتی وەزارەتی بەرگری.
- پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی میسر لە سعودیە.
- بەرپرسی بەشی میکانیک لە هێزە وشکانییەکان.
- سەرکردەی لیوای بەشی میکانیکی هێزە وشکانییەکان.
- سەرۆکی سوپاسالاری ناوچەی باکووری سەربازی.
- سەرۆکی ناوچەی باکووری سەربازی.
- بەرێوبەری کارگێڕی هەواڵگری و بەدواداچوون.
- سەرکردەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وەزارەتی بەرگری و بەرهەمهێنانی سەربازی.
- لە رۆژی ١٢-٨-٢٠١٢ لەسەردەمی محەممەد مورسی پۆستی وەزیری بەرگری وەرگرت.
- لە کاتی لابردنی مورسی و دەستبەکاربوونی عەدلی مەنسوور وەک سەرۆکی وڵات پلەی سەربازی سیسی بوو بە موشیر.
- لە رۆژی ٢٦ ئاداری ٢٠١٤ دەستی لە پۆستی وەزیری بەرگری کشاندەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ سەرۆکی میسر کاندیدبکات.
* بچووکترین ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای هێزە چەکدارەکان بووە.
* بروانامە زانستییەکان:
- بەکالۆریۆس لە زانستی سەربازی ساڵی ١٩٧٧
- ماجستێر لە زانستی سەربازی لە کۆلێژی سەرکردەو سوپاسالار ساڵی ١٩٨٧
- ماجستێر لە زانستی سەربازی لە کۆلێژی سەرکردەو سوپاسالاری بەریتانی ساڵی ١٩٩٢
- (سکۆلەر شیپ) دەرچووی کۆلێژی باڵای سەربازی لە ئەکادیمیای ناسری سەربازی لە ساڵی ٢٠٠٣
- دەرچووی کۆلێژی باڵای سەربازی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٦
* میدالیا و رێزلێنانی سەربازی:
پێنج میدالیا و رێزلێنانی سەربازی هەیە لە ساڵەکانی ( ١٩٩٨ ، ٢٠٠٥، ٢٠٠٧ ، دوو میدالیا ساڵی ٢٠١٢)
سەباحی:
* سەباحی ناوی تەواوی ( حەمدین عەبدولعاتی عەبدولمەقسود سەباحی ) ە، باوکی جووتیار بووە.
* مێژووی لە دایکبوون: ٥ ی یۆلیۆی ١٩٥٤ لە شاری بەلتیمی سەر بە پارێزگای کەفەر شێخ لە دایکبووە، تەمەنی ( ٥٩ ساڵە ).
* سەباحی لە دوای کۆچی دوایی جەمال عەبدولناسر لە ساڵی ١٩٧٠ رێکخراوێکی قوتابیانی لە قۆناخی ئامادەی دامەزراند بە ناوی یەکیتی قوتابیانی ناسرییەکان و خۆی بووە سەرۆکی رێكخراوەكە، ئەویش بەمەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانی عەبدولناسر.
* لە ساڵی ١٩٧٦ بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی راگەیاندنی زانکۆی قاهیرە وەرگرت.
* ئەو کاتەی خوێندکار بووە لە کۆلێژ، بەشداری چەندین خۆپێشاندانی کردووە و بووەتە سەرۆکی یەکێتی خوێندکارانی کۆلێژی راگەیاندن.
* سەباحی لەگەڵ هاوڕێکانی چەندین دەزگاو رێکخراویان دامەزراند بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانی ناسرییەکان و دژی سیاسەتەکانی ئەنوەر سادات وەستانەوە.
*دوای دەرچوونی لە کۆلێژ رێگری لێکراوە وەکو رۆژنامەنووس کاربکات لە دەزگاکانی راگەیاندن، دواتر لە هەردوو رۆژنامەی (سەوت ئەلعەرەب) و ( موقف ئەلعەرەب) کە زمانحالی رەوتی ناسرییەکان بوو کاری کرد.
* لە ساڵی ١٩٨١ بچووکترین کەس بووە لەنێو سەرکردە و چالاکوانانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دژی سادات کەدەستگیرکران، لەگەڵ نووسەری بەناوبانگ محەممەد حەسەنێن هەیکەل لە ناو یەک زیندان بوونە.
* چەند خۆپێشاندانێکی سازکردووە دژی داگیرکردنی عێراق لە ساڵانی ١٩٩٠ ، ٢٠٠٣
* لە ساڵی ٢٠٠٤ یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ( کەرامە ).
* لە ساڵی ٢٠٠٥ رۆژنامەی (کەرامە)ی دەرکرد و خۆی سەرنووسەری بوو.
* لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠١٠ ئەندامی پەرلەمانی میسر بووە، کە هەمیشە لەلایەن جووتیارەکانەوە پالپشتی دەکرا.
* لە ساڵی ٢٠٠٩ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر کرد.
* لە شۆڕشی ٢٥ یەنایەر یەکێک بووە لەو رۆژنامەنووس و کەسایەتییە سیاسییانەی بەشداری لە خۆپێشاندانەکان کرد.
* لە دوای رووخانی حوسنی موبارەک خۆی کاندیدکرد بۆ هەڵبژاردنی ٦ ی نیسانی ٢٠١٢.
* دووبارە بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی میسر کاندیدە .
* زۆربەی رۆژنامەنووس، هونەرمەند، وەرزشوانەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ سەباحی دەربڕیوە، کە گرنگترینیان دەرهێنەری سینەمایی بەناوبانگ ( خالد یوسف)ە.