خەرجی گەیشتنی كۆچبەرێكی كورد بۆ ئیتاڵیا شەش هێندەی كۆچبەرێكی ئەفریقییە

رووداو – رۆما

گیرفانی كۆچبەرانی ئەفریقی وەكو گیرفانی كۆچبەرانی كورد پڕ نییە، ئەوان لە پێناو گەیشتن بە وڵاتێكی ئەوروپا پارەیەكی زۆر كەمتر خەرج دەكەن، بەڵام دەبێ‌ بە رێگای درێژ و پڕ لە مەترسیدا بگەنە ئیتاڵیا. كۆچبەرانی كورد بە پێچەوانەوە پارەیەكی زۆر دەدەنە قاچاخچی بۆ ئەوەی بە نزیكترین و سەلامەتترین رێگە بگەنە شوێنی مەبەست، لەبەر ئەمەشە كە نرخی گەیاندنی كۆچبەرانی كورد زۆر بەرزترە لەوانەی لە ئەفریقاوە دێن. 

ئیتاڵیا لە هەر چوار لاوە كۆچبەری تێدەڕژێ، زۆرترین كۆچبەرانی وڵاتانی ئەفریقا لە لیبیاوە دێن، پاشان كۆچبەرانی كورد و عەرەب و وڵاتانی ئاسیا كە لە رێگەی یۆنانەوە خۆیان دەكەن بە ئیتاڵیادا. لە وڵاتانی دیكەی ناوەڕاست و باكووری ئەوروپاشەوە ئەو كۆچبەرانەی مافی مانەوەیان رەتدەكرێتەوە، زۆربەیان روو لە ئیتاڵیا دەكەنەوە، بەشێكی زۆر لەوانەش چانسی وەرگرتنی مافی مانەوەیان هەیە.

هیچ كۆچبەرێك نییە، چیرۆكێكی پڕ لە هەوراز و نشێوی نەبێ‌، تاوەكو گەیشتووەتە ئیتاڵیا، بەڵام كۆچبەرانی ئەفریقا جیاوازن، ئەوان دەیانەوێ‌ بەو بڕە پارە كەمەی هەیانە، لە وڵاتەكانیان رزگار ببن، بۆیە ناچارن رێگەی زەحمەت بگرنەبەر.

بارای لەمین گەنجێگی غینیاییە، نزیكەی دوو ساڵە گەیشتووەتە ئیتاڵیا، ئەو چیرۆكێكی تاڵی هەیە لەگەڵ قاچاخچی و باندەكانی كڕین و فرۆشتنی كۆچبەران تاوەكو لە وڵاتەكەی خۆیەوە گەیشتووەتە ئیتاڵیا. ئەو دەڵێت: "لە غینیاوە بۆ مالی، دواتر جەزائیر و پاشان هاتمە لیبیا". بارای بۆ بڕینی سنووری چوار وڵات 1200 دۆلاری داوەتە قاچاخچی، بەڵام ئەو پارەیەی پێ‌ زۆر زۆرە، چونكە دەبێ‌ لە غینیا ماوەیەكی زۆر كار بكەی تاوەكو ئەو بڕە پارەیەت دەستدەكەوێ‌.

بارای دەڵێت: "كە هاتینە لیبیا ژیانمان زۆر ناخۆش بوو، لیبییەكان هەڵسوكەوتیان باش نەبوو لەگەڵمان، زوو زوو داوای پارەیان لێ دەكردین و ئێمەش هیچمان نەبوو".

زۆرترین ئەو پارەیەی بارای لەمین خەرجی كردووە ئەو كاتە بووە كە لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا بەڕێكەوتووە. ئەو گوتی: "لە لیبیا بۆ ئیتاڵیا 700 دۆلارم دایە قاچاخچی، بەگشتی تا گەیشتمە ئیتاڵیا زیاتر لە 2000 دۆلارم خەرج كردووە، ئەم پارەیە بۆ ئێمە زۆرە و لە ئیتاڵیاش پارە پەیدا ناكرێ، زۆر كەس هەیە قەرزی لە چەندین كەس كردووە یان ماڵ و موڵكی فرۆشتووە، بە هیوای ئەوەی بگاتە ئەوروپا و دەستی لە كارێك گیر ببێ‌ و ژیانی خۆی و خێزانەكەی لە نەهامەتی و نەبوونی رزگار بكات، بەڵام كە دێیتە ئەوروپا شتەكان هەمووی پێچەوانە دەبنەوە".

بەو پێیەی لیبیا بووەتە ترانزێتی تێپەڕینی كۆچبەرانی ئەفریقا بۆ ئیتاڵیا، بەردەوام ئیتاڵیا و یەكێتیی ئەوروپا داوا لە كاربەدەستانی تەرابلوس دەكەن سنوورێك بۆ لێشاوی كۆچبەرانی نایاسایی دابنێن.  ساڵی رابردوو ئیتاڵیا 1000 سەربازی رەوانەی كەناراوەكانی لیبیا كرد بۆ ئەوەی رێ لە هاتنی كۆچبەران بگرن، بەڵام لێشاوی هاتنی كۆچبەران هەر بەردەوامە. بەپێی دوایین ئامار كە بە ئاژانسی رۆیتەرز دراوە، لە ساڵی 2014 ـەوە تاوەكو ئێستا 600 هەزار كۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا كردووە.

سارا كچێكی نەیجیرییە، ئەویش هاوشێوەی هاوڕێكانی تاوەكو گەیشتووەتە ئیتاڵیا ناڕەحەتی و زەحمەتیی زۆری بینیوە، بەڵام وەك خۆی باسی كرد، كچەكان زۆر جار لە رێگەی كۆچ دەستدرێژییان دەكرێتە سەر، بە تایبەتی ئەوانەی لە 18 ساڵ كەمترن. قاچاخچییەكان و باندەكانی بازرگانی بە مرۆڤ، زۆرجار خراپیی باری دارایی ئەو كچانە دەقۆزنەوە و لەبەرامبەر گەیاندنیان بۆ ئەوروپا داوای سێكسیان لێدەكەن.

سارا كە تەمەنی 26 ساڵە و نزیكەی دوو ساڵە گەیشتووەتە ئیتاڵیا، بە (رووداو)ی گوت: "تا گەیشتمە ئیتاڵیا 1500 دۆلارم خەرج كرد، تا ئێستا ئەو پارەیەم پەیدا نەكردووەتەوە. خێزانەكەم لە نەیجیریا چاویان لە دەستی منە، منیش لێرە ئیشێكی ئەوتۆم دەستنەكەوتووە، بتوانم یارمەتی ئەوان بدەم".

جیاوازیی كۆچبەرانی وڵاتانی بە ئاین موسوڵمان و مەسیحی ئەوەیە كە بەشی زۆری كۆچبەرانی وڵاتە موسوڵمانەكان گەنجی كوڕن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی زۆرینە مەسیحین، زۆرتر كچەكانیان كۆچ دەكەن. كۆچبەرانی كوردیش یان كوڕی سەڵتن، یان خێزاندارن، بە دەگمەن هەیە كچێكی كورد بە تەنیا كۆچ بكات بۆ ئەوروپا.

لە یەكێك لە كەمپەكانی شاری بریندیسی ئیتاڵیا ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری ئەفریقی هەن، تەنیا دوو خێزانی كورد لە كەمپەكە دەژین كە یەكێكیان خێزانی پەروینە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە یۆنان بۆ ئیتالیا بۆ یەك كەس نزیكەی شەش هەزار یۆرۆمان داوە، ئێمە پێنج مانگ لەوێ ماینەوە، بۆیە ناچار بووین بەهەر رێگایەك بووە و چەندی پارەش پێویست بێ بیدەین، بۆ ئەوەی بگەینە ئیتاڵیا، هەرچەندە قاچاخچی راستگۆ نەبوون لەگەڵمان و گوتیان دەستگیر ناكرێن، بەڵام وا دەرنەچوو". 

پەروین لە كوردستانەوە تاوەكو گەیشتووەتە ئیتاڵیا 11 هەزار دۆلاری خەرج كردووە، چونكە بە گوتەی خۆی ئەو نەیویستووە موجازەفە بەژیانی خۆیەوە بكات و خۆی بداتە دەست قاچاخچیی نەشارەزا.

سەبارەت بە مامەڵەی قاچاخچی لەگەڵ كۆچبەران، ئەو ژنە كۆچبەرە كوردە دەڵێ: "ئێستا سەردەمەكەی گۆڕاوە، قاچاخچییەكان زۆربەیان كوردن، راستە ئەوان درۆ زۆر دەكەن و سوێندی درۆ بەلایانەوە ئاساییە، بەڵام بەگوێرەی ئەو پارەیەی دەیاندەیتێ‌ هاوكاریت دەكەن".