کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر: لە کوردستان و عێراق دەرفەتی زۆر بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان هەن

26-05-2025
تەنیا ئەحمەد
یان برایم, کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر
یان برایم, کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، لە کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق لە پاریس بە رووداوی گوت، "کۆڕبەندەکە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بازرگانانی فەرەنسی بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشنابن." جەختیش دەکاتەوە کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانە بۆ ئاستی پەیوەندییە سیاسییە بەهێزەکانیان.
 
لە وەڵامێکیدا سەبارەت بە گرنگیی کۆڕبەندەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، یان برایم بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەم کۆڕبەندە زۆر گرنگە، ئێمە چەندین کۆبوونەوەمان رێکخستووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بازرگانانی فەرەنسی تێبگەن و ئاشنابن بەو دەرفەتانەی کە لە عێراقدا هەن، هەروەها لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش."
 
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک تۆ کۆمپانیایەکی بچووک و مامناوەندیت وەک ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەن، رەنگە نەزانیت دەرفەتەکان چین، خاڵە بەهێزەکان چین و ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان یان بازرگانیکردن لەگەڵ عێراق چین. کەواتە، ئەم کۆڕبەندە بۆ ئەوە گرنگە."
 
بە گوتەی یان برایم: "لێرە زیاتر لە 300 کۆمپانیا و بازرگانمان هەیە لە عێراق، لە کوردستان و لە فەرەنساوە، کە ئەم پاشنیوەڕۆیە دەتوانن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرفەتەکان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی ببینن چ جۆرە کارێک دەتوانن پێکەوە ئەنجامی بدەن و هیوادارم بتوانن لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا گرێبەست واژۆ بکەن."
 
برایم جەختی لەوە کردەوە کە "یەکێک لە ئەرکەکانمان دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و عێراق، نێوان فەرەنسا و کوردستان، بەهێزتر دەبێت و دەگاتە بەرزترین ئاست."
 
سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکان، کۆنسووڵی فەرەنسا روونیکردەوە: "لە بواری سیاسیدا، پەیوەندییەکی زۆر گرنگمان هەیە. ئێوە بینیوتانە کە سەرۆک ماکرۆن لە پاریس میوانداریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیی کرد. وەزیرەکەمان [وەزیری دەرەوە] چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە بەغدا و هەولێر بوو؛ بەڵام دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان پێویستیان بە زیادبوون هەیە. ئەوان لە ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکانمان و تەنانەت پەیوەندییە کولتوورییەکانیشماندا نین. بۆیە ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە بازرگانانی فەرەنسا ئاگاداری ئەو دەرفەتانە بن کە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە عێراقدا هەن."
 
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا کە فەرەنسا دەیەوێت لە چ بوارێکدا زیاتر وەبەرهێنان بکات و چاوی لە چ پڕۆژەیەکی گەورەیە، یان برایم گوتی: "چەندین کەرتی جیاواز هەن؛ لە بواری بیناسازییدا، بۆ نموونە، چەندین چیرۆکی سەرکەوتنی زۆر گرنگمان هەیە کە کۆمپانیایەکی فەرەنسی هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەی بە کۆمپانیا کوردییەکان فرۆشتووە، بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی بلۆک. هەروەها ئێمە لە بواری وزەشدا ئامادەییەکی بەرچاومان هەیە، کە کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلەکتریکی فەرەنسی لەگەڵ گرووپی K1 و گرووپەکانی دیکە کاردەکات."
 
کۆنسووڵی فەرەنسا ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی ئاویش کرد و رایگەیاند: "ئاو لایەنێکی زۆر سەرەکیی ئابووریی کوردستانە. دەمانەوێت کاری زیاتر لەم بوارەدا بکەین، بەتایبەتی لەسەر سیستمی ئاوەڕۆ خەریکی ئامادەکاریین، هەروەها سەبارەت بە وزە، پڕۆژە زۆر سەرکەوتووەکەی رووناکیمان بینیوە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەستپێکرا. ئێمە ئامادەین لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانیی فەرەنسی وەک ئینجی، هەروەها کۆمپانیاکانی دیکەش پشتیوانیی بکەین. ئێمە بزنس و کۆمپانیای ئاست جیهانیمان هەیە، کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنانیان لە کوردستان دەکەین."
 
دەقی پرسیار و وەڵام:
 
رووداو: (یان) زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، کەسێکی زۆر خۆشەویست و بەڕێزی لای هەموو کوردی هەرێمی کوردستان. پرسیاری من ئەوەیە، ئەم کۆڕبەندە چەند گرنگە بۆ پەیوەندیی ئابووری، بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی فەرەنسا و عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستانیش. 
 
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا: ئەم کۆڕبەندە زۆر گرنگە چونکە رەنگە تێبینیتان کردبێت، لەوکاتەوەی من گەیشتووم، لەوکاتەوەی باڵیۆزی بەغدا گەیشتووە، ئێمە چەندین کۆبوونەوەمان رێکخستووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بازرگانانی فەرەنسی تێبگەن و ئاشنابن بەو دەرفەتانەی کە لە عێراقدا هەن، بەڵام هەروەها لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش. چونکە بێگومان کاتێک تۆ کۆمپانیایەکی بچووک و مامناوەندیت وەک ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەن، رەنگە نەزانیت دەرفەتەکان چین، خاڵە بەهێزەکان چین و ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان یان بازرگانیکردن لەگەڵ عێراق چین. کەواتە، ئەم کۆڕبەندە بۆ ئەوە گرنگە. ژمارەیەک گفتوگۆی کراوە هەن کە کەرتە جیاوازەکان دەخەنەڕوو، هەروەها یاسای وەبەرهێنانیش. لێرە زیاتر لە 300 کۆمپانیا و بازرگانمان هەیە لە عێراق، لە کوردستان و لە فەرەنساوە، کە ئەم پاشنیوەڕۆیە دەتوانن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرفەتەکان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی ببینن چ جۆرە کارێک دەتوانن پێکەوە ئەنجامی بدەن و هیوادارم بتوانن لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا گرێبەست واژۆ بکەن. چونکە بۆ ئێمە، یەکێک لە ئەرکەکانمان دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و عێراق، نێوان فەرەنسا و کوردستان، بەهێزتر دەبێت و دەگاتە بەرزترین ئاست. لە بواری سیاسیدا، پەیوەندییەکی زۆر گرنگمان هەیە. ئێوە بینیوتانە کە سەرۆک ماکرۆن لە پاریس میوانداریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیی کرد. وەزیرەکەمان [وەزیری دەرەوە] چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە بەغدا و هەولێر بوو؛ بەڵام دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان پێویستیان بە زیادبوون هەیە. ئەوان لە ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکانمان و تەنانەت پەیوەندییە کولتوورییەکانیشماندا نین. بۆیە ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە بازرگانانی فەرەنسا ئاگاداری ئەو دەرفەتانە بن کە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە عێراقدا هەن.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم فەرەنسا دەیەوێت لە چ بوارێکدا زیاتر وەبەرهێنان بکات و بازرگانی بکات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان؟ چاوی لە چەند پڕۆژەیەکی گەورەیە وەکو پڕۆژەی مێترۆ، وەکو پڕۆژەی شەقامی بەغدا. ئایا هیچ لەیەک نزیکبوونەوەیەک هەیە؟ فەرەنسا دەیەوێت لە چ بوارێک لە عێراق بەشداربێت؟
 
یان برایم: چەندین کەرتی جیاواز هەن؛ لە بواری بیناسازییدا، بۆ نموونە، چەندین چیرۆکی سەرکەوتنی زۆر گرنگمان هەیە کە کۆمپانیایەکی فەرەنسی هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەی بە کۆمپانیا کوردییەکان فرۆشتووە، بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی بلۆک. هەروەها ئێمە لە بواری وزەشدا ئامادەیییەکی بەرچاومان هەیە، کە کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلەکتریکی فەرەنسی لەگەڵ گرووپی K1 و گرووپەکانی دیکە کاردەکات. کەواتە؛ وزە، بیناسازی، کشتوکاڵ بێگومان. وەک دەزانن، فەرەنسا یەکێکە لە هەناردەکارە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ و هێزێکی کشتوکاڵییە لە هەموو جیهاندا. ئێمە کەرتێکی کشتوکاڵی زۆر پێشکەوتوو و پیشەسازیی کشتوکاڵیمان هەیە. ئێمە لەگەڵ چەندین گرووپ لە گفتوگۆداین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە سوود لە زانست و شارەزایی و هەروەها تەکنەلۆژیاکانمان وەربگرن، کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەم بوارەدا زۆر چالاکن. دەمەوێت ئاماژەیەک بە ئاویش بکەم، چونکە ئاو لایەنێکی زۆر سەرەکیی ئابووریی کوردستانە. دەمانەوێت کاری زیاتر لەم بوارەدا بکەین، بەتایبەتی لەسەر سیستمی ئاوەڕۆ، بۆیە خەریکی ئامادەکاریین، هەروەها سەبارەت بە وزە، پڕۆژە زۆر سەرکەوتووەکەی رووناکیمان بینیوە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەستپێکرا. ئێمە ئامادەین لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانیی فەرەنسی وەک ئینجی، هەروەها کۆمپانیاکانی دیکەش پشتیوانیی بکەین. ئێمە بزنس و کۆمپانیای ئاست جیهانیمان هەیە، کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنانیان لە کوردستان دەکەین.
 
رووداو: کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، زۆر سوپاس.
 
یان برایم: زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی گووگڵ

گووگڵ دەڵێت بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد، مافی خۆیەتی هەموو شتێکی ئینتەرنێت کۆپی بکات

کۆمپانیای گووگڵ لە کێشەیەکی گەورەی یاساییدایە و دەڵێت، بۆ راهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی وەک Gemini، مافی ئەوەی هەیە هەموو ئەو زانیارییانە بەکاربهێنێت و کۆپی بکات کە بە شێوەی گشتی لەسەر ئینتەرنێت بەردەستن، تەنانەت ئەگەر مافی لەبەرگرتنەوەشیان پارێزراو بێت