ئەردۆغان لەبارەی ترەمپ: دیالۆگێکی جیاوازمان هەبوو کە ئێستاش بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای سەردانە چوار رۆژییەکەی بۆ ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی 26-09-2025 لەکاتی گەڕانەوەیدا لەنێو فڕۆکە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لەو سەردانەیدا بەشداریی 80ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵیی سازکرد؛ دواتر لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا بووە، "وەک تورکیا، بەشداریکردنێکی بەهێزمان لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو. ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرۆک حکومەتەکانی وڵاتانی ئەندام بەشدار بوون."
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، بابەتی فەڵەستین دیارترین تەوەری رۆژەڤی کۆبوونەوەکان بوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئیسرائیلی بە "کۆمەڵکوژ، بێباک و داگیرکار" لە قەڵەم دا و گوتی، "10 وڵاتی رۆژئاوایی، بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا، کە ئەندامن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایانگەیاند: دەوڵەتی فەلەستینیان بە فەرمی ناساندووە. بڕیارەکەی ئەو دوو وڵاتە، مێژووییە."
بە گوتەی ئەردۆغان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەوان و وڵاتانی دیکە "کە پشتیوانی لە راستی دەکەن، کاریگەریی گەورەی هەبوو لە گەیشتن بەم خاڵە."
ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە فەڵەستینیان بە فەرمی ناساندووە، گەیشتووەتە سەرووی 150 وڵات. ئەردۆغان گوتی، "زیادبوونی پاڵپشتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی، لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە زۆر گرنگە؛ بەڵام بۆئەوەی ئەم پاڵپشتییە رەنگ بداتەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاردەرانە هەنگاو بنێت و رێوشوێن بگرێتەبەر."
سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئەردۆغان گوتی، "کۆبوونەوەیەکی زۆر گشتگیرمان لەگەڵ بەڕێز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. هەڵسەنگاندنمان بۆ زۆر پرس کرد. بە پلەی یەکەم، باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە دەکرێت بگیرێنەبەر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەویش بۆ گەیشتن بە ئامانجی 100 ملیار دۆلار لە قەبارەی بازرگانی."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "ئاڵوگۆڕی بیروڕامان سەبارەت بە پێداچوونەوە بە باجی گومرگی کرد. بە دیدگەیەکی بنیاتنەرانە، هەنگاوەکانمان بۆ کردنەوەی رێگە بۆ هاوکاری لە بواری بەرگریدا تاوتوێ کرد."
ئەردۆغان دەڵێت، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ترەمپ، پرسی غەززە بووە، "باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دڕندایەتییەکانی سەر غەززە بگیرێنەبەر. هەروەها گفتوگۆیەکی وردمان سەبارەت بە پاراستنی سەقامگیری لە سووریا و هێنانەدیی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەی بەو کرد، دۆناڵد ترەمپیش دڵنیابووەتەوە لەوەی دۆخی غەززە بەم شێوازەی ئێستا ناکرێت بەردەوام بێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و ترەمپ دا و گوتی، "پەیوەندیی نێوان من و بەڕێز ترەمپ لە رابردووەوە زۆر باش بووە. لە خولی یەکەمیدا دیالۆگێکی جیاوازمان هەبوو کە ئێستاش بەردەوامە. پێموایە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکاش دەبێت. هەتا ئێستا کاتێک قسەمان لەگەڵ دۆستەکانمان کردووە، زمانێکی ئاسان و روونمان بەکارهێناوە و هەر واش دەبین. بەڕێز ترەمپیش سیاسەتڤانێکە حەزی لە قسەکردنی روونە و بیرۆکەکانی بەبێ پەرده دەردەبڕێت."
سەرۆککۆماری تورکیا هەر سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، گوتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش پەرەپێدەدەین. بە دڵنیاییەوە، نەکراوە هەموو کێشەیەک بە یەک کۆبوونەوە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە، بووە هۆی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە چەندین بواردا. قەبارەی بازرگانی و تواناکانی هەردوو وڵات دیارن. ئامانجی بازرگانیی دوولایەنەمان 100 ملیار دۆلارە. وەک سەرکردە، ئیرادەی سیاسییمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەمە."
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، لەپاڵ بازرگانی و وەبەرهێنان، تاوتوێی کارەساتی مرۆیی لە غەززە و پرسی سووریاشیان کردووە.
راشیگەیاند، پشتگیری لە دیدگەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتیی جیهانی دەکات، بەتایبەتی کە ئامانج لێی راگرتنی خوێنڕشتن لە هەردوولا بێت.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە، تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەمریکای بەرهەمدار بوون، "لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ ترەمپ، هەڵوێستی بنیاتنەرانەمان بینی. کۆبوونەوەکەمان زۆر گرنگ بوو بۆ دەربڕینی ئیرادەی کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززە. بەڕێز ترەمپ رایگەیاند، پێویستە شەڕەکانی غەززە کۆتایی بێن و ئاشتییەکی درێژخایەن بەدەست بێت. ئێمەش روونمانکردەوە کە چۆن دەکرێت سەرەتا ئاگربەست و دواتر ئاشتییەکی هەمیشەیی لە غەززە و سەرانسەری فەڵەستین بەدەست بێت. لەوێ لەسەر تێگەیشتنێک رێککەوتین. گوتمان چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەو رێگەیەیە کە ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا دابین دەکات."