سەتان کۆچبەری هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا سەرگەردانن
رووداو دیجیتاڵ
هێشتا سەتان کۆچبەری باشووری کوردستان لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا سەرگەردانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەڵام دەڵێن بێلاڕووس رێگە بە گەڕانەوەیان نادات.
ژمارەی کۆچبەرانی کورد لە پایتەختی بێلاڕووس بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. زۆربەی کۆچبەران بەرەو سنوور رۆشتوون و بەشێکیش لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراق گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
بەشێکی زۆر لەو کۆچبەرانەش کە لەوێ ماون دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەڵام کۆچبەرێک بە رووداوی گوت؛ سەربازانی بێڵاڕووس رێگە نادەن ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنووری بێلاڕوس و پۆڵەندان، لە کەمپەکە دەربچن و بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
کۆچبەرێکی دیکە کە لەلایەن سەربازانی بێلاڕووس ئەشکەنجە دراوە دەڵێت؛ کوردستان بەهەشتە، ئەگەر کێشەیەکت هەبوو دەتوانی روو لە کەسێک بنێی هاوکاریت بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی عێراق و بە دوو فڕۆکەی تایبەت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 600 کۆچبەری لە سنووری بێلاڕووسەوە گەڕاندەوە هەرێمی کوردستان.