دوو خۆشەویست لەماوەی چەند کاژێرێکدا بە دوو رووداوی جیاواز مردن
رووداو - هەولێر
دوو خۆشەویستی بەریتانی لە دوو رووداوی جیاوازدا لە ئوسترالیا، لە ماوەی چەند کاژێرێکدا هەردووکیان مردن.
جەیسن فرانسیس، کوڕێکی تەمەن 29 ساڵ بوو، لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەبەردەم ماڵەکەیاندا لە شارێکی سەر بە پێرس لە ئوسترالیا ئۆتۆمبێلێک لێی دا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەلیس رۆبینسن، کە هەشت ساڵە هاوڕێ و خۆشەویستی جەیسن بووە، دوای چەند کاژێرێک لە گیانلەدەستدانی خۆشەویستەکەی لە ماڵەکەیاندا بە مردوویی دۆزرایەوە. پێش مردنی، رۆبینسن نووسیویەتی مەرگی خۆشەویستەکەی جەرگبڕ بووە.
جەیسن فرانسیس یاریزانی رەگبی بووە، پێش رووداوەکە لەگەڵ هاوڕێکانی تیمەکەی لە دەرەوە بووە، شەو بە تاکسییەک گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام لەبەردەم ماڵەکەیاندا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤوڵکس واگن لێی داوە، کە هی رێستۆرانتێک بووە و شۆفێرە تەمەن 18 ساڵەکەی پیتزای بە ماڵێک گەیاندووە.
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی ئافرەتەکەش دەکەن.
کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خێزانی ئەو کچ و کوڕە راگەیێندراوە و تاوەکو ئێستا 31 هەزار دۆلار کۆکراوەتەوە.
ئەو دوو خۆشەویستە خەڵکی بەریتانیا بوون و کەسوکاریشیان لە ئوسترالیا نەبووە، هەر بۆیە هاوڕێکانیان پارە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان کۆدەکەنەوە.