تیکتۆکەرێکی کورد لە ئەڵمانیا بریندارکرا


رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەفتەیە لە شاری (گێڵزنکیرشن)ی ئەڵمانیا، تیکتۆکەرێکی ناسراوی کورد بە ناوی مەتین ئاجار تەقەی لێکراوە و بریندار بووە. 
 
مەتین لەو ڤیدیۆیانەیدا کە لە تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا بڵاویاندەکاتەوە، لەگەڵ کچانی ئەورووپایی دەردەکەوێ و زۆرجار ماچیان دەکات. هەروەها خواردن لێدەنێ، کە زۆربەی جار برنج و فاسلۆیای لەگەڵە و سەوزەی زۆری لەگەڵ دەخوات. 
 
هەمیشە دوای ماچ یان خواردن دەڵێت، (تشتێ خوەش، خوەشە)! بەڵام ئەم جارە لەپێش دووکانێکی دۆنەر لەجیاتی تشتێ خوەش، کەسێک تەقەی لێدەکات و سێ گولـلەی پێوەدەنێ و بە هەردوو قاچی کەوتوون.

 

 
 
مەتین یەکسەر بە برینداری و بە وەشانی زیندوو (واتە لایڤ) شۆپێنەرەکانی ئاگادار دەکاتەوە کە زیندووە و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەوانەی دەیگوازنەوە داوای لێدەکەن ڤیدیۆکەی رابگرێ و ئەویش دەڵێ باشە. ئەوانەی لەوێ مەتینیان بینیوە، بە بەرنامەی دیاسپۆرایان گوت، برینەکانی سەخت نین و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
 
پاش رووداوەکە، داواکاری گشتیی شاری ئاخن رایگەیاند، هێرشبەرەکە پاش تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و هێشتا دەستگیر نەکراوە. دەشڵێ، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی کەسی هەڵاتوو و پاڵنەرەکانی پشتی هێرشەکە بەردەوامن.