ژنێك مێردەكەی بە زنجیر دەبەستێتەوە و بیبەری تیژ دەكاتە چاوی

رووداو – alquds

ژنێكی مەغریبی دانیشتوی شاری سیدی قاسم كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، مێردەكەی ئەشكەنجەدەداو لە ماڵەوە بە زنجیر دەیبەستێتەوە، پاشان بیبەری تیژی سوور دەكاتە چاوەكانی، بەهۆی ئەوەی یارمەتی نەداوە لە كردنەوەی ئارایشتگایەك.

ئاسایشی شاری سیدی قاسم لەبارەی رووداوەكە دەڵێت "ئەو ژنە بە یارمەتی خوشكێكی بچووكی مێردەكەی ئەشكەنجەداوە، لە تۆڵەی یارمەتینەدانی بۆ كردنەوەی ئارایشتگایەك".

هەمان سەرچاوە راشیگەیاندووە "مێردی ئەو ژنە لە بواری جوانكاری لە فەڕەنسا كاری كردووە، دواتر پارەی خانەنشینی وەرگرتووە، بۆیە ژنەكەی كە ماوەی 10 ساڵە هاوسەریەتی، داوای بەشێكی پارەكەی لێكردووە ".

ئەو ژنە هەموو بەڵگەنامە فەرمییەكانی لە مێردەكەی شاردووەتەوە و دواتر بە یارمەتی خوشكەكەی بە زنجیر بەستویەتیەوە و هەر كاتێك دەنگی هاتووە، بە قامچییەك لێیداوە، كاتێكیش دەنگی پیاوەكە بەرزبووەتەوە، دەمی بە تێپ بەستووەتەوە و بیبەری تیژی كردووەتە چاوەكانییەوە.

 ژنەكە لە كارەكەی بەردەوامبووە تاوەكو  پیادەیەك لە دەرگای ماڵەكیانەوە بینیویەتی و پۆلیسی لێ ئاگاداركردووەتەوە، دواتر راستەوخۆ كارمەندانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و ژنەكەیان دەستگیركردووە.

هێزەكانی ئاسایش توانیویانە ژنەكە دەستگیربكەن، بەڵام خوشكە بچوكەكەی كە تەمەنی 32 ساڵە، هەڵهاتووە و تاوەكو ئێستاش دەستگیرنەكراوە.