چەکدارانی کارین بنکەیەکی سەربازیی میانماریان سووتاند


رووداو دیجیتاڵ 

چەکدارانی سەر بە گرووپی ئیتنیکیی کارین لە میانمار لە هێرشێکدا بۆ سەر سوپای میانمار و هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە لە نزیک سنووری تایلەند، بنکەیەکی سەربازیی سووپایان سووتاند و ژمارەیەک سەربازی میانماریان کوشت.
 
گرووپی ئیتنیکی کارین یەکێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی کە لەماوەی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی هێزەکانی سوپای میانمار بوونەتەوە. 
 
ئەم گرووپە شەوی رابردوو لە باشووری میانمار و ناوچەکانی سەر بە هەرێمی کارین نزیک سنووری تایلەند هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییە و تەواوی بنکەکەیان سووتاندووە، بەڵام سەبارەت بە ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەو بنکە سەربازییە هیچ ئامارێک رانەگەیێندراوە.
 
لەدوای کودەتاکەی 1ـی شوباتی رابردوو، ژمارەیەک گرووپی ئیتنیکی لە میانمار چەکیان هەڵگرتووە و لە ناوچە جیاوازەکانی میانمار رووبەڕووی سەربازانی سەر بە سوپا دەبنەوە، گرووپی کارینیش یەکێکە لەو گرووپانە.
 
ئەو گرووپە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە کێشەی ئیتنیکییان هەیە و داوای هەرێمی سەربەخۆ دەکەن، بەڵام لەدوای کودەتاکەی شوباتی رابردووەوە چالاکییەکانیان زیادیکردووە. هەر بەهۆی ئەو رووبەڕووبوونەوانەشەوە لە 2 مانگی رابردوودا نزیکەی 25 هەزار کەس لە خەڵکی هەرێمی کارین بەهۆی هێرشی ئاسمانیی سوپای میانمارەوە ئاوارە بوون و بەشێکیشیان بەرەو تایلەند کۆچیان کردووە.