ئاگری لە ژنەكەی و منداڵەكانی بەردا
رووداو – wattan
پیاوێكی یەمەنی لە شاری عەدەن هەموو دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەكەی دادەخات و ئاگر لە ژنەكەی و منداڵەكانی بەردەدات.
رۆژنامەی وەتەن هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی: دوای ئەوەی خەڵكیش ئەو دووكەڵە دەبینن كە لە ماڵەكە دەچێتە دەرەوە و هەروەها گوێیان لە دەنگی هاواركردن دەبێت بەرەو ماڵەكە دەڕۆن تاوەكو یارمەتییان بدەن، بەڵام دەبینن كە دەرگاو پەنجەرەكان هەموویان لە ناوەوە داخراون، بۆیە ماوەیەكیان پێدەچێت تاوەكو دەرگا دەشكێنن و دەچنە نێو ماڵەكە.
یەكێك لەو كەسانەی كە چووەتە ژوورەوە بۆ رۆژنامەكە دەڵێت "هەر كە دەرگاكەمان شكاند و چووینە ژوورەوە بینیمان كە خاوەنی ماڵەكە، كە تەمەنی 44 ساڵە بە تەنیشت ژنەكەی و منداڵەكانییەوەیەتی و لاشەیان گڕ دەگرێت" .
لە ئەنجامی ئەم كارەی پیاوەكەش خۆی بەهۆی سووتانی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە، بەڵام ژنەكەی و كچەكانی رزگاریان بووە هەرچەندە سووتاوییەكی زۆریشیان هەیە .
رۆژنامەكە لە زاری كەسوكاری ئەو خێزانەوە، هۆكاری ئەم كارەی پیاوە یەمەنییەكەی بۆ خراپی باری ئابوورییان گەڕاندووەتەوە، لەبەر ئەوەی لەسەری بووە خێزانەكەی، كە لە پێنج كەس پێكهاتوون بەخێو بكات و ئەویش هیچ پارەیەكی نەبووە .