لە بەلجیکا 30 قوتابخانە بەهۆی "هەڕەشەی بۆمب" داخران

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەلجیکا زیاتر لە 30 قوتابخانە بەهۆی هەڕەشەی بوونی بۆمب داخران، بەرپرسانی حکومیش باس لە بوونی باند دەکەن کە داوای "سەرانە" دەکەن. گومانیش دەکرێت هەڕەشەکان راستەقینە نەبن.
 
شەوی یەکشەممە، 26-11-2023 ماڵپەڕی "دەبلیوو بی ئی" کە کورتکراوەی "والوونی بەلجیکا بۆ پەروەردە"یە ئاشکرایکرد، سەرووی 30 قوتابخانە لە برۆکسل و ناوچەکانی باشووری ئەو شارە نامەی ئەلیکترۆنییان بۆ هاتووە و تێیدا هەڕەشەی تەقینەوەی بۆمب-یان لێکراوە، ئەگەر پارە نەدەن.
 
بە گوێرەی ماڵپەڕە بەلجیکییەکە داخستنەکە 30 قوتابخانەی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی گرتووەتەوە و زیانی بە سەرووی 10 هەزار قوتانی گەیاندووە کە بە ناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
 
جوولیان نیکیز، بەڕێوبەری ماڵپەڕەکە دەڵێت، نامەمان لە بەڕێوەبەرانی هەر 30 قوتابخانەکان بۆ هاتووە کە باس لە هەڕەشەی تەقینەوەی بۆمب لە قوتابخانەکانیان دەکەن؛ گوتیشی بە هەموو بەڕێوەبەرەکان گوتراوە: "ئەگەر پارە نەدەن، بۆمبەکان دەتەقێندرێنەوە".
 
پۆلیسی بەلجیکی تاوەکو ئێستا زانیاری لە بارەی ئەو کەس و لایەنانە بڵاونەکردووەتەوە کە بەرپرسن لەو کارە؛ هەروەها زانیارییەکانیشی پشتڕاست نەکردووەتەوە سەبارەت بە راستیی بوونی بۆمب یان تەنیا هەواڵێکی ساختە بووە؛ بەڵکو تەنیا باسی لە "بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان" کردووە.
 
لە نێوان مانگی ئەیلوول تاوەکو نێوەڕاستی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرووی 800 نامەی هەڕەشە و هۆشداری بە "هەڵە" دراونەتە قوتابخانەکانی بەلجیکا و لەگەڵ هەموو نامەیەکدا قوتابخانەکان داخراون و قوتابییانیش نێردراونەتەوە ماڵەوە.
 
پۆلیسی بەلجیکی رایگەیاند: "سەرجەم هۆشدارییەکان ساختە دەرچوون و هیچ بۆمبێك لە هیچ قوتابخانەیەکدا نەبووە".
 
لە سەرەتای ئەم مانگە و لە دوای پشووی ئاینی "قەشەکان" دوو قوتابخانە لە هەردوو ناوچەی "شارلروا" و "دینان" بە نامە هەڕەشەی بوونی بۆمبیان کرا، بەڵام دواتر دەرکەوت هۆشدارییەکی بێ بنەما بووە.