دۆناڵد ترەمپ: ئێران هەرگیز بەڕاستی رێککەوتنی نەویستووە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران نزیکبوو لە رێککەوتن و دواتر پاشەکشەی کرد، دەشڵێت، "ئێران هەرگیز نیەتی رێککەوتنی نەبووە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە قسەی بۆ میدیای ئیسرائیل کرد و گوتی، داوای لە تیمەکەی کردووە لیستی هێرشەکانی ئێران لە 25 ساڵی رابردوودا کۆبکەنەوە و بۆی دەرکەوتووە کە "هەموو مانگێک کارێکی خراپیان کردووە؛ شوێنێکیان تەقاندووەتەوە و کەسێکیان کوشتووە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هێرشەکەی مانگی حوزەیران نەبووایە، کە ناسراوە بە "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" (Operation Midnight Hammer)، ئێران ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و بە پەیوەندییەکی "باش" ناوی برد.
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی ئێران رایگەیاند، "ئێمە هاوڕاین" و ئاماژەی بەوە کرد، چەندین بژاردەی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە لەبەردەستدایە؛ یان درێژەپێدانی هەڵمەتەکە و "کۆنترۆڵکردنی هەموو شتێک"، یان کۆتاییهێنان بە هەموو شتێک لە ماوەی چەند رۆژێکدا.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە دۆخی ئێران کرد و گوتی، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو چەندین ساڵی دەوێت.
رۆژی شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بە ناوی "نەڕەی شێر" هێرشیان کردە سەر ئێران.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەنیا خۆیان 200 فڕۆکەی جەنگی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە و 500 پێگەی ئێرانیان پێکاوە.
ئیسرائیل لەبارەی گەورەیی ئۆپەراسیۆنەکەشەوە دەڵێت، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکە بووە.
لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران بە مووشەک و درۆن بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیلی بە ئامانج گرت.
ئاماری کوژرا و برینداران
مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 201 کەس کوژراون و 747ـی دیکەش بریندار بوون.
سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریکایان کوشتووە و بریندارکردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش دەڵێت، جگە لە زیانی مادی، هیچ سەربازێکی وڵاتەکەیان بریندار نەبووە.