ئۆکراینا بە "دژەدرۆن" دەچێتە بەرەی دژی ئێرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
فۆڵۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا دوێنێ هەینی، 27ی ئاداری 2026، واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی هاریکاریی سەربازی لە نێوان وڵاتەکەی و شانشینی عەرەبستانی سعودی راگەیاند، ئەوەش پاش سەردانێکی بۆ عەرەبستانی سعودی و دیداری لەگەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعودی لە شاری جەددە.
زێلینسکی لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئەکاونتەکانی خۆیەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "گەیشتینە لێکتێگەیشتنێکی گرنگ لەنێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا و شانشینی عەرەبستانی سعودی سەبارەت بە هاریکاریی بەرگری. کەمێک پێش کۆبوونەوەشمان لەگەڵ میر محەممەد بن سەلمان ئال سعود جێنشینی سعودی، ئەو بەڵگەنامەیەمان واژۆ کرد".
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها دەڵێت کە ئەم رێککەوتنە "دەبێتە بنەما بۆ دەیەکانی داهاتوو لەڕووی هاریکاریی تەکنۆلۆژی و وەبەرهێنان و هەروەها رۆڵی نێودەوڵەتیی ئۆکرایناش وەکو لایەنێکی کارا لە پاراستنی ئاسایش بەهێز دەکات".
زێلینسکی وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو دژە درۆنانەی کە خەریکە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی درۆنیدا رۆڵ پەیدا دەکات، رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە شارەزاییە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودی بەش بکات و پێکەوە کار بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانیان بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئۆکراینییەکان لە ساڵی پێنجەمی شەڕیاندا لە دژی رووسیا "بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی هەمان ئەو هێرشانەی کە ئەمڕۆ بە مووشەکی بالیستیک و درۆن دەکرێتە سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەی کەنداو".
بەردەوامبوونی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی کەنداو لەم جەنگەدا کە وا پێی ناوەتە مانگی دووەمییەوە، رۆڵی ئۆکراینا وەکو سەرچاوەیەکی خاوەنی ئەزموون و شارەزایی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکدا کە هەڕەشەی راستەوخۆ لە ئاسایشی وزە و بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی ئابووری دەکات، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زەق بووەتەوە. ئەوەش نە لەبەرئەوەی کە ئۆکراینا سیستەمێکی بەرگریی نوێی داهێنابێت، بەڵکو بەهۆی پەیداکردنی شارەزاییەک کە لەژێر گوشاری هێرشی درۆنیدا بە درێژایی ساڵانی شەڕی لەگەڵ رووسیا بەدەستی هێناوە.
حکومەتی ئۆکراینا بەشێوەیەکی بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە درۆنی جۆری (شاهید) دەداتە رووسیا. ئەم چەکە مەترسیدارە کە تێچوویەکی کەمیشی هەیە، لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیادا برەوی زۆری پەیدا کرد، ئەوەش وای لە ئۆکراینییەکان کرد پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن لە چاودێریکردن و بەرەنگاربوونەوەیدا بەڵام بە تێچوویەکی کەم کە ناگاتە دوو هەزار دۆلار.
زێلینسکی پێشتر رایگەیاندبوو کە هەندێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو پەیوەندییان پێوە کردووە بۆئەوەی چۆنێتی سوودوەرگرتن لەو شارەزاییەی ئۆکراینا لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی درۆنیدا تاوتوێ بکەن. دواتر ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرکردەکانی ئیماراتی عەرەبی و قەتەر و کوێت و بەحرەین لەوبارەوە قسەیان کردووە.
لەو رێککەوتنە راگەیێندراوەی نێوان ئۆکراینا و شانشینی سعودییەوە وا دەردەکەوێ کە بن سەلمان دڵگەرمە بۆئەوەی سەرمایەگوزاری لەم داهێنانە ئۆکراینییەدا بکات.
ئۆکراینا پێشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤێرژنە رووسییەکەی درۆنی شاهید کە تێچووەکەی ناگاتە 30 هەزار دۆلار، ناچار بوو سوود لە مووشەکی PAC-3 وەربگرێ کە لە سیستەمی پاتریۆتدا بەکاردێ و نرخی هەر مووشەکێکی لەنێوان سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلاردایە.
پێشتریش رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوی کردبووەوە کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی ئۆکراینا لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی ئەم چەکە هەرزانبەهایە کە لەلایەکەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی دارایی گرنگ بۆ ئۆکراینییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە درۆن وەکو چەکێکی کاریگەری کەم تێچوو، لەم جەنگە دەکاتە دەرەوە.