مێرتس: سوپای ئەڵمانیا دەتوانێت بەشداری لە پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مین بکات

رووداو دیجیتاڵ

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سوپای ئەڵمانیا دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەی پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مین بکات.

مێرتس گوتی: "دەتوانین ئەوە بکەین. ئەگەر داوامان لێ بکرێت و لە چوارچێوەی سپاردەیەکی ئەمنی بەکۆمەڵی راستەقینەدا بێت، مەبەستم لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپاوە بێت، بە بڕیاری (پەرلەمانی ئەڵمانیا)، ئەوا ئەمە بژاردەیەکە."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها گوتی: "لە رووی سەربازییەوە دەتوانین ئەمە جێبەجێ بکەین." سوپای ئەڵمانیا خاوەنی چەندین کەشتیی مینکۆکە.
 
مێرتس ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا تەنگەی هورمز "بە روونی دیارە کە هیچ مینڕێژ نەکراوە." گوتیشی نازانێت ئایا ئێران پلانی بۆ کارێکی لەو شێوەیە هەیە یان نا.