پزیشکێکی کورد لە کەنەداوە چوار منداڵی رفاندووە بۆ کوردستان
رووداو - ئۆتاوا
پزیشکێکی کەنەدی بە رەگەز کورد، لەلایەن پۆلیسی شاهانەی کەنەدییەوە داواکراوە بە تۆمەتی رفاندنی چوار منداڵی خۆی دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، دایکی منداڵەکانیش رایدەگەیێنێت، منداڵەکانی رفاندووە بۆ شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
دوای سەردانێکیان بۆ ئەوروپا، بڕیاربوو دکتۆر سارین ئازەر، لەگەڵ چوار منداڵەکەی بگەڕێنەوە بۆ کەنەدا، بەڵام وەک ئالیسۆن ئازەر، هاوژینی پێشووی باسی دەکات، لەبری کەنەدا روویانکردووەتە هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە گەڕاونەتەوە بۆ شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە دایک و خوشکەکانی لەوێ دەژین.
ئالیسۆن ئازەر باس لەوە دەکات، ژمارەیەک ئیمەیڵی لە خەڵکی مەهابادەوە بەدەست گەیشتوون، کە منداڵەکانیان بینیوە لە شەقامەکانی ئەو شارە، بەڵام دڵنیا نییە و زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبەردەستدا نییە کە منداڵەکان لەکوێ دەژین.
ئالیسۆن دەڵێت "سارین منداڵەکانی بە نایاسایی رفاندووە و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی منداڵەکان لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا بتوێنێتەوە".
گەڕانەوەی سارین ئازەر بۆ ئێران چەندین پرسیاری بێوەڵامی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە نێوبراو لە ساڵی 1994دا لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رووی لە کەنەدا کردووە و لە کەیسەکەیدا باسی لەوەکردووە، کە مەترسی لەسەر ژیانییەتی و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەو هۆیەشەوە مافی پەنابەری و پاشان رەگەزنامەی کەنەدی پێدراوە.
هاوژینی پێشووی سارین دەڵێت "نازانم چۆن ئەو گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، چونکە ئەو دەیگوت کە هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەكەی بەهۆی بۆچوونی سیاسیی کوردبوونییەوە."
هەروەک دەشڵێت "لەرێگەی هاوژینی پێشوومەوە هاریکاری زۆری ئاوارە کوردەکانم کردووە".
پۆلیسی ئینتەرپوڵ وێنە و زانیاری لەبارەی منداڵەکانەوە بڵاوکردووەتەوە و ناوی ئەوانی لە لیستی ونبوواندا داناوە.