شەممەی داهاتوو خۆر دەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێوانە فەلەكییەكان، رۆژی شەممە 2022.4.30 خۆرگیرانێكی نیمچەیی (Partial Solar Eclipse ) لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەر و كیشوەری بەستووی باشووری زەوی (Antarctica) روودەدات.
بەگوێرەی پێوانە فەلەکییەکان، ماوەی خۆرگیرانەکە سێ كاژێر و 52 خولەك دەخایێنێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان و نیوەگۆی باكووری زەوی نابینرێت.
ئەو خۆرگیرانە كاژێر 09:45ـی شەو بە كاتی هەولێر دەستپێدەكات و كاژێر 11.41ـی شەو دەگاتە بەرزترین ئاستی گیران و ئەوكاتە مانگ %54ـی خۆر دادەپۆشێ و باشترین خاڵیش بۆ بینینی لە نیوەی رێگەی نێوان ناوچەی (تیێڕا دێل فویگۆ) لە ئەمریكای باشوور لەگەڵ نیمچەدوورگەی كیشوەری بەستووی باشووردا دەبێت.
خۆرگیرانی نیمچەیی، بەپێی گۆشە و شوێنگەی خولانەوە بە دەوری زەوی، دیسكی تاریكی مانگ بەشێكی دیسكی رووناكی خۆر دادەپۆشێت نەوەك هەمووی.