کەتەلۆنییەکان پێشوازیان لە سەردانی شای ئیسپانیا بۆ بارسیلۆنا نەکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەوان وەکو ناڕەزاییەک لە دژی سەردانەکەی شا فلیپی شەشەم، پاشای ئیسپانیا بۆ بارسیلۆنا، کەتەلۆنییەکان وێنەکەیان خستە سەر زەوی و ئاگڕیان تێ بەردا.
سەردانی پادشا فلیپی شەشەم بۆ کردنەوەی پێشەنگەیەکی تەکنەلۆژیا لە بارسیلۆنا لەکاتێکدایە خەریکە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و کەتەلۆنیا هەڵدەدرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو حکومەتی مەدرید 9 سەرکردەی سەربەخۆییخوازی کەتەلۆنی لە زیندان ئازادکرد.
بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەتی مەردید و هەڵوێستە نەرمەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیا بەرامبەر کەتەلۆنییەکان، نەیتوانیوە کەسێکی وەکو خوان، دانیشتووی بارسیلۆنا، لە ویستی سەربەخۆیی سارد بکات.
خوان گومانی لە هەڵوێستەکانی حکومەتی مەدرید هەیە و دەڵێت: "ئەو لێخۆشبوونانە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی نین. ئەمانە بڕیاری لێخۆشبوونیان واژۆکرد، چونکە بژارەی دیکەیان نەبوو. لەنیازپاکیان نەبوو."
هەروەها فلۆرێنسیا سالگوێرۆ، کە رۆژنامەڤانێکی کەتەلۆنییە دەڵێت: "کەتەلۆنیا پێشوازی لە شا ناکات، سەرەڕای لێخۆشبوونەکانی ئەو هەفتەیەی لە 9 سەرکردەی سەربەخۆییخوازی زیندانیکراو. "
ئیسپانیا لە 9 سەرکردەی کەتەلۆنی خۆشبوو گوایە لە خەباتی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەتەوە، بەڵام سەرکردەکان هەر کە لە زیندانی سانت جوان دێ ڤیلاتۆرادا هاتنە دەرەوە، گوتیان: "حکومەتی ئیسپانیا ئێمەی بێدەنگ نەکردووە و لە هەوڵەکانمان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بەردەوامین."
لە 1ی ئۆکتۆبەری 2017دا 92٪ی کەتەلۆنییەکان لە گشتپرسیێکی مێژووییدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان دا.
جۆردی سانشێز، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا دەڵێت: "بۆ هەموو ژن و پیاوان کە لە یەکی ئۆکتۆبەر دەنگیان داو متمانەیان بەوەکرد، کە ئەو وڵاتە لەسەر شێوەی دەوڵەتێکی کۆماری سەربەخۆییی بەدەستدێنێت، ئەو کارە دەکەین. بەیەکەوە دەیکەین. زۆر بە باشی ئەم کارە دەکەین و سەریش دەکەوین."
حکومەتی ئیسپانیا بە رووکەش لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ حکومەتی کەتەلۆنیا و ژێربەژێریش دەیەوێت هزری سەربەخۆیی لە مێشکی سەرکردەکانی کەتەلۆنیا بباتە دەرەوە.
رۆژی سێشەممە 29-6-2021 بۆ یەکەمجار پێرێ ئاراگۆنێز، سەرۆکی کەتەلۆنیا کە ئێستاش پشتگیری لە سەربەخۆیی هەرێمەکەی دەکات، لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە مەدرید کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرکردەکە یەک هەفتە دوای بڕیارێکی حکومەتی ئیسپانیا دێت کە وەکو نیشاندانی نیازپاکی بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان مەدرید و بارسیلۆنا لە 9 سەرکردەی زیندانیکراوی کەتەلۆنی خۆشبوو، کە حکومەتی ئیسپانیا لەسەر هەوڵی جیاکردنەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، دەستگیری کردبوون.