بەرپرسێکی باڵای دۆمینیکا بۆ رووداو: لە هەرێمی کوردستان پرۆگرامی پێدانی وڵاتینامە دەستپێدەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە دۆمینیکا دەڵێت، لیستی داواکاری بۆ پێدانی وڵاتینامەی دۆمینیکا نزیکەی 30 بەڵگەنامەی پێویستە و دەشڵێت، لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات، ئوردن و قەتەریش داواکردن هەیە، باس لەوەش دەکات، "دوای پێداچوونەوە، لە هەرێمی کوردستان دووبارە پرۆگرامی CBI [پێدانی وڵاتینامە] دەستپێدەکەینەوە."
 
کێنێت گرین، بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە دۆمینیکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژ عەلی زاڵە لەگەڵی ئەنجامیدا و رۆژی پێنجشەممە 28-07-2022 پێشکێشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، حکومەتی ئێستا زۆر پشتیوانی پرۆگرامی CBI دەکات، پرۆگرامی وڵاتینامە لە دۆمینیکا لای هەرسێ پارتی دەسەڵاتدار کە لە رابردوودا دەسەڵاتیان هەبووە، ماوەتەوە، گوتیشی، "لیستی داواکاری نزیکەی 30 بەڵگەنامەی پێویستە و لە عێراق، ئیمارات، ئوردن و قەتەر داواکردن هەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کێنێت گرین، بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە دۆمینیکا:
 
رووداو: بۆچی خەڵک دەبێت وەبەرهێنان لە دۆمینیکا بکەن؟
 
کێنێت گرین: ئەوە پرسیارێکی گرنگە، چونکە شوێنی دیکە لە جیهاندا زۆرن. دۆمینیکا وڵاتێکە تازە پێدەگات، لە ساڵی 1978ـەوە سەربەخۆیە، لە روانگەی سەروەری و سەربەخۆییەوە یەکێکە لە وڵاتە گەنجەکان لە جیهاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا ژمارەیەک پەیوەندیی ئاشتییانەی دروستکردوون. وڵاتەکەمان ئەندامە لە رێکخراوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی کاریبی و رێکخراوی کۆمەڵگەی کاریبی، بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە زیاتر لە کێشی خۆمان پەل دەهاوین. ئێمە ئەندامین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ماوەیەکی درێژە حکومەتێکی زۆر جێگیرمان هەبووە، حکومەتی ئێستا لە ساڵی 2000ـەوە لەسەر دەسەڵاتە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی ئێستا رووزڤەڵت سکێریت لە پارتی کرێکاران. ئازادی جووڵەمان هەیە بۆ زیاتر لە 140 وڵات لە جیهاندا، ئەوەش بۆ وڵاتێکی بچووک شتێکی سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە ئێمە یەکێکین لەو 13 وڵاتەی جیهان کە پێویستیمان بە ڤیزا نییە بۆ چوونە وڵاتی چین، ئەوەش شتێکی بەرچاوە. لەبارەی سەرچاوەکانمانەوە؛ ئێمە دەوڵەمەندین بە ئاو، خاکێکی زۆرباشمان هەیە و یەکێکین لە باشترین وڵاتان بۆ کشتوکاڵ لەنێو وڵاتانی کاریبی. ئێستاش خەریکە دەبینە رووگەیەکی گەشتیاری، ئەوەش سەرنجی ئەو وەبەرهێنانەیە کە ئێستا دەکرێ لەڕێگەی پرۆگرامی CBI، هەروەکو دەبینی ژمارەیەکی زۆر ژێرخانی بنیاتنانی هۆتێل لێرە هەیە. 
 
رووداو: دەمەوێ دواتر لەسەر ئەوانە قسەبکەین، بەڵام ئەوەی کە دۆمینیکا بۆ زۆرشوێن پێویستی بە ڤیزا نییە شتێکی سەرنجڕاکێشە، هەروەکو باستکرد بۆ چین و هەروەها وڵاتانی شینگنیش. چۆن دۆمینیکا گەیشتووە بەوە، لەکاتێکدا دوورگەیەکی بچووکی کاریبییە و ژمارەی دانیشتووانی کەمترە لە 80 هەزار؟ 
 
کێنێت گرین: چونکە ئێمە وڵاتێکی ئەندامی خاوەن بەرپرسیارێتیی نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین. هەڵگرتنی ڤیزا لەنێو وڵاتاندا بە رێککەوتنێکی دوولایەنە دەکرێت، هەروەها لەسەر بنەمای گەشتی هاووڵاتییانی وڵاتەکە بەجیهاندا، ئایا ئەوان هاووڵاتییەکی باشی ئەو وڵاتەن کە تێیدا نیشتەجێن، زیاتر لەماوەی خۆیان لە وڵاتێکی دیکە دەمێننەوە یاخود نا، هەروەها وەبەرهێنان بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە لە وڵاتانی دیکە. ئەوەی کە دیارە ئەوەیە زۆربەی هاووڵاتییانی دۆمینیکا ئەوانەی شوێنی لەدایکبوونیان دۆمینیکایە چوون بۆ وڵاتانی دیکە وەکو بەریتانیا و ئەمریکا بەشێوەیەکی کەمتریش کەنەدا. ئێمە پرۆفایلێکی باشمان هەیە، کاتێکیش پرۆفایلەکەت باشە، وڵاتانیش بەباشی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەت دەکەن. ئێمە وەزارەتی دەرەوەمان زۆرباشە و کاتێکی زۆر دەدات بە دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە، ئەوەش زۆر گرنگە، چونکە لە کۆتاییدا هەموو ئەوانە پەیوەستن بە دروستکردنی پەیوەندی و بە داکۆکیکردن لە بەهاکانی وڵاتەکەت. 
 
رووداو: ئەوانەی کە بوونەتە هاووڵاتیی دۆمینیکا لەڕێگەی پرۆگرامی CBI، ئایا زۆریان لەسەر دوورگەکە دەژین؟ 
 
کێنێت گرین: نەخێر.. بەشێوەیەکی گشتی پیشەسازیی وڵاتینامە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە لەسەر ئەو بنەمایە دەستیپێکرد کە زۆربەی ئەوانەی داواکارییان پێشکێش دەکرد، دەیانویست خۆیان لە پرسێک لابدەن کە بەهۆکارێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێنرابوو. وڵاتی دوورگەی سەینت کیتس ئەو پیشەسازییەی لە ساڵی 1984 دەستپێکرد، دواتر کیوبێک وەبەرهێنانی لەو پرۆگرامەکەدا کرد، بەڵام ئەوە تەنیا یەک ناوچە بوو لە کەنەدا و دۆمینیکاش لەساڵی 1993 دەستیپێکرد. رێڕەوێک هەیە، ئەویش ئەوەیە بتوانی وەبەرهێنان لە وڵاتینامەدا بکەی بەبێ ئەوەی پێویست بەوە بکات نیشتەجێی وڵاتەکە بیت. 
 
رووداو: دەزانم زۆر وڵاتی دیکە ئەو پرۆگرامەیان هەیە، بەڵام ئەوەی دۆمینیکا لە جیهاندا زۆر ناسراوە، ئەوە لەبەرچییە؟
 
کێنێت گرین: ئەوە دوو هۆکاری هەیە.. یەکەم، هەروەکو پێشتریش باسمکرد، ئێمە لەو پیشەسازییەدا نوێ نین، دووەم وڵاتین لە جیهاندا کە دەستمانپێکرد، ئەوەش بەهای خۆی هەیە. کاتێک باسی بانکە نێودەوڵەتییەکان دەکرێ، بیرت بۆ دوورگەی کەیمان دەچێت، یاخود بۆ سویسرا و مۆناکۆ. ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە، چونکە ئەوان ماوەیەکی زۆرە لەو بوارەدا کاردەکەن. ئەوە براندە، دۆمینیکاش خاوەنی ئەو براندەیە، ئەوەش هۆکاری ئەو سەرنجەیە. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە حکومەتی ئێستا زۆر پشتیوانی دەکات. ئەو وڵاتانەی دیکە کۆمپانیا و پرۆگرامی بەبازاڕکردنی باشیان هەیە، بەڵام ئەوەی دۆمینیکا جیادەکاتەوە ئەوەیە کە حکومەت پشتیوانی دەکات و تەنانەت هەندێکجار سەرۆکوەزیران وێنا و ناسنامەی خۆی لەگەڵ پرۆگرامەکە دادەنێت. ئەوەش زیاتر هانی خەڵک دەدات، چونکە تەنیا پرۆگرامێک نییە بە نهێنی کاری بۆ بکرێت و لەگەڵ گۆڕانی حکومەتدا نەمێنێت. سەرەڕای سیاسەتی رۆژانە کە لە هەموو وڵاتێک هەیە، پرۆگرامی وڵاتینامە لە دۆمینیکا لای هەرسێ پارتی دەسەڵاتدار کە لە رابردوودا لە دوورگەکە دەسەڵاتیان هەبووە، ماوەتەوە. 
 
رووداو: کەواتە پشتیوانی بۆ پرۆگرامەکە هەیە.
 
کێنێت گرین: بە بەردەوامی.. هەرچەندە وەکو هەر وڵاتێکی دیکە مشتوومڕی زۆر هەیە، بەڵام تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش پێتدەڵێن ئەوان دەیانەوێ پرۆگرامەکە هەبێ، دەستکاری دەکەن و گۆڕانکاری تێدادەکەن، بەڵام هەر دەمێنێتەوە. ئەوەش متمانە بە خەڵک دەدات. 
 
رووداو: ئەوانەی داواکاریی پێشکێش بە پرۆگرامی CBI دەکەن خەڵکی کام وڵاتانەن؟ ئایا لە هەموو جیهانەوە دێن یاخود لە ناوچەیەکی دیاریکراو؟
 
کێنێت گرین: لە هەموو جیهانەوە.. دەبینین ئێستا ژمارەیەک زیاتر هاووڵاتیی ئەمریکی داواکاری پێشکێش دەکەن.
 
رووداو: هاووڵاتییانی ئەمریکی دەیانەوێت ببنە خاوەنی وڵاتینامەی دۆمینیکا؟
 
کێنێت گرین: بەڵێ بێگومان..
 
رووداو: لەبەرچی؟
 
کێنێت گرین: ئەوە شتێکی جیهانییە و تەنیا پەیوەست نییە بە دۆمینیکاوە. لەکاتی کۆڤید دا، زۆرێک لە ئەمریکییەکان حەزیان بە هەندێک لەو رێوشوێنانە نەبوو کە لە وڵاتەکەیاندا هەبوو، بۆیە بیریان لە بژاردە و شوێنی دیکە کردەوە بۆ ئەوەی کاری تێدابکەن، بۆیە دەبینی ئێستا بووەتە دیاردەیەک. سەیری پرۆگرامی پورتوگال و ماڵتا و تەنانەت وڵاتانی دیکەی کاریبیش بکە، دەبینی زیادبوونی ژمارەی هاووڵاتییانی ئەمریکی لەو پرۆگرامانەدا، شتێکی دیارە. 
 
رووداو: ئەوە سەرنجڕاکێشە.. کەواتە بەپێی قسەی تۆ ئەوانەی داواکاری پێشکێش دەکەن لە هەموو جیهانەوە دێن، هیچ هەرێمێکی دیاریکراو هەیە کە رێژەیەکی زیاتری لەوانی دیکە هەبێت؟
 
کێنێت گرین: بێگومان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردی بناخەی ئەم پرۆگرامانەیە، چونکە ناوچەیەکی فرەڕەنگ و فرەڕەگەزە. بۆ نموونە لە شوێنێکی وەکو ئیمارات خەڵکانێکی زۆر دەژین کە لە چینی مامناوەندن و داهاتی باشیان هەیە، بەڵام جێگیرنین و جێگۆڕکێ دەکەن. دەکرێ وەکو بیانییەک لە دوبەی کاربکەن، بەڵام ئەگەر بپرسی خەڵکی کوێی، لەوانەیە وەڵامتبداتەوە و پێتبڵێ لەکوێ لەدایکبووە، بەڵام پێتناڵێت خەڵکی کوێیە، لە دوبەی دەژی، بەڵام جێگۆڕکێ دەکات، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێن، هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە و هەندێکیش لە ئاسیا. ئەوەش زیاتر پەیوەستە بە باردودۆخێکی دیاریکراو. هەندێکجار سوود لە کەموکوڕییەکانی پرۆگرامەکانی دیکە وەردەگرین. کاتێک کە پرۆگرامی ڤیزای وەبەرهێنانی بەریتانیا راگیرا، خەڵکانێک روویانکردە بژاردەی دیکە لە وڵاتانی کاریبی و دۆمینیکا. هەروەها کاتێک پرۆگرامی ڤیزای وەبەرهێنانی ئەمریکا (EB5) راوەستا، خەڵکانێک هەبوون روویانکردە وڵاتانی کاریبی و دۆمینیکا، بۆیە هەمووی پەیوەستە بە رووداوەکان و بەبازاڕکردن و دۆخی ئەو رۆژە کە دەبێتە هۆکاری بڕیاردانی خەڵک لەسەر داهاتوویان. 
 
رووداو: کێ دەتوانێت داوای وڵاتینامە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە پێشکێش بکات؟ داواکارییەکانی پرۆگرامەکە چین؟ هەروەها ئەوانەی داواکاریی پێشکێش دەکەن کێن؟
 
کێنێت گرین: بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکە لەڕێگەی بریکارێک یاخود پارێزەرێکەوە دەستپێدەکات و دواتر پەیوەندی دەکەن بە بریکارێکی نێودەوڵەتییەوە یاخود راستەوخۆ لەگەڵ بریکارێکی نێوخۆ کاردەکەن. بریکاری نێوخۆ لەڕێگەی وێبسایتەکەوە پەیدادەکرێت کە بریتییە لە cbiu.gov.dm، کاتێک دەچنە نێو وێبسایتەکە، سەیری لیستی بریکارەکان دەکەن و ئیمەیلیان بۆ دەنێرن. لە حاڵەتەکانی دیکەدا ئەگەر دەتەوێ راستەوخۆ رووبکەیتە کەرتی گەشتوگوزار و خانووبەرە، وەکو ئەنیچی کە خاوەنی هۆتێل ماریۆتە، یاخود ترانکویڵیتی بیچ و جەنگڵ بەی و سیکریت بەی، بۆ نموونە لە دوبەی یاخود لە ئەمریکاوە راستەوخۆ پەیوەندی دەکەن بە وەبەرهێنەرەکەوە. هەندێک لەو وەبەرهێنەرانە بریکاری نێودەوڵەتییان هەیە و تەنیا کار بۆ ئەوان دەکەن. سەرکەوتووترین وەبەرهێنەر لە رۆژهەڵاتی کاریبی کە کاری وەبەرهێنانیشی لێرە کردووە، بریتییە لە ریئینج کە خاوەنی پرۆژەی کێمپێنسکین لە دۆمینیکا و پرۆژەی پارکی هایات لە دوورگەی سەینت کیتس و چەندین پرۆژەی دیکە لە گرێنادا. زۆرجار خەڵک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە لەوانەیە پارێزەرێک بێت بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات بریکارێکی دروست هەڵبژێرن و بچنە نێو پرۆسەکەوە. 
 
رووداو: پێموایە بۆ بەشداریکردن لەو پرۆگرامە دوو بژاردە هەن، یەکێکیان ئەوەی کە 100 هەزار دۆلار ببەخشی بە حکومەتی دۆمینیکا، یاخود وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە بە بڕی 200 هەزار دۆلار بکەی. بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، کام بژاردەیە خەڵک زیاتر بۆی دەچن؟
 
کێنێت گرین: زۆربەی خەڵک بژاردەی بەخشین بە حکومەت هەڵدەبژێرن ئەوەش لەبەرئەوەی کە هەرزانترە، بەڵام لەڕاستیدا ئێستا وەکو یەکن، چونکە لە بژاردەی کەرتی خانووبەرە دەتوانن پارەکەیان وەربگرنەوە. 
 
رووداو: کەواتە ئەوانەی کە وڵاتینامەیان وەرگرتووە دەتوانن وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە بۆ ماوەی سێ ساڵ بکەن و ئەگەر بیانەوێ بیفرۆشن بە کەسێکی دیکە بۆ ئەوەی وڵاتینامە وەربگرێت ئەوا دەبێت لە دوای پێنج ساڵ بێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی تۆدان، خەڵک وەبەرهێنانەکەیان دەهێڵنەوە و نایفرۆشن یاخود نا؟
 
کێنێت گرین: ئەوە پرسیارێکی زۆرباشە.. جەنگڵ بەی کەیسێکی زۆرباشە. جەنگڵ بەی کۆنترین وەبەرهێنەری کەرتی خانووبەرەیە. یەکەم پڕۆژەی جەنگڵ بەی بەهۆی باهۆزی ئێریکاوە وێرانبوو، جارێکی دیکە دروستیانکردەوە و پێش دووساڵ تەواوبوو. ئێستا لە دۆخێکدایە کە پێنج ساڵ بەسەر خاوەندارێتی زۆربەی خاوەنەکاندا تێپەڕبووە. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا من بینیومە ئەوەیە زۆربەی ئەوانە دەیانەوێ موڵکەکەیان بمێنێت، چونکە پێیانخۆشە، دەتوانن ساڵی جارێک بۆ هەفتەیەک لەوێ بەسەرببەن، ئەگەر هۆکارێکی ناچاری نەبێت، هیچ هاندانێک بۆ فرۆشتنەوە نییە. 
 
رووداو: دەمەوێ چەند پرسیارێکت لەبارەی هەرێمی کوردستان لێبکەم، پرسی راگرتنی پرۆگرامەکە لە هەرێمی کوردستان.. لەگەڵ بەڕێز نانتن بەڕێوەبەری CBI قسەمکرد و گوتی پێداچوونەوە دەکەن و دووبارە دەستپێدەکەنەوە. تۆ لەسەر فۆرمی داواکاری لە عێراق و هەولێر و لەوانەیە شوێنەکانی دیکەشەوە کارتکردووە.. دەگوترێ هۆکاری راگرتنی پرۆگرامەکە ئەنجامدانی وردبینییە، ئایا کەیسی دیکەی لەو شێوەیە هەیە؟ واتە راگرتنی پرۆگرامەکە لە شوێنێکی دیاریکراو و دواتر دەستپێکردنەوە؟ ئەو پرۆسەیە چۆنە؟
 
کێنێت گرین: من لە هیچ شوێنێکی دیکە نەمبینیوە. دۆمینیکا ئەو کارە دەکات لەبەر هۆکارێکی سادە.. پرۆگرامەکەی دۆمینیکا زۆر بەنێوبانگە، ئەم وڵاتە رووگەیەکی بەنێوبانگە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە؛ براندێکە، بۆیە تاوەکو زۆرترت هەبێ، زۆرتریش لەدەستدەدەیت، ئەگەر کۆنترۆڵی ئەوەی بەردەستت نەکەیت، ئەو نێوبانگەی دۆمینیکا گوشارێکی زیاتری خستووەتەسەر یەکەی پێدانی وڵاتینامە و ئەو کەسانەی کاری وردبینی لەسەر پرۆگرامەکە دەکەن، ئەگەر هاتوو چەند کەیسێک هەبن کە بەڵگەنامەکان بە تەواوی پێشکێش نەکراون، تەنانەت ئەگەر رەتیشکرابنەوە، بەڵام هەر نیگەرانی لەسەر کوالێتیی جۆریی ئەو بەڵگەنامانە دروستدەبێت. 
 
رووداو: کەواتە دەکرێ بابەتەکە بوونی بەڵگەنامەی ساختەش نەبێ، بەڵکو تەنیا ئەوەبێ کە ئەو بەڵگەنامانە بەپێی ستانداردی کارەکە نەکراون؟
 
کێنێت گرین: راستە.. چونکە لە کۆتاییدا یەکەی پێدانی وڵاتینامە کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی وردبینی بەکاردێنێت کە راستەوخۆ و مەیدانی دەچن کارەکە دەکەن. ئەوەش کارێکی زۆر رژد و وردە و کاتێک دۆخێک دەبینن دەبێ ریپۆرتی بکەن. پرسێکی دیکەش بەبازاڕکردنە، لیستێکی درێژی ئەو شتانە هەیە کە نابێ بکرێن. لەوانەیە CBI سێ مانگ یاخود شەش مانگ جارێک رێنمایی نوێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەوانەی بە مەیدانی کارەکە دەکەن، پشتدەبەستن بە بریکاری بەبازاڕکردنی نێودەوڵەتی یاخود هەر بریکارێک کە پەیوەندی بە بریکارێکی نێوخۆی دۆمینیکا هەبێ بۆ ئەوەی پێیانبڵێن کە نابێ شتێک بکەن. زۆرجار کاتێک شتێک زۆر بەنێوبانگ دەبێت، خەڵک هەر لە خۆیانەوە دەچن بڕیاردەدەن، بۆ نموونە تێکستێک بەکاردەهێنن و بانگەشە دەکەن و دەڵێن وڵاتینامەی دۆمینیکا لای ئێمە دەستدەکەوێت، یاخود ئاڵای دۆمینیکا لە رێکلامێکدا بەکاردێنن و گرەنتیی پێدانی وڵاتینامە دەدەن.
 
رووداو: بەڵام کێشە چییە ئەگەر کەسێک بانگەشە بۆ پرۆگرامەکە بکات و بڵێت دەتوانن بچن بۆ ئەو وڵاتە وەبەرهێنان بکەن، لەوانەیە خەڵکێک لە هەرێمی کوردستان نەزانن وڵاتانی کاریبی و دۆمینیکا لە کوێیە و ئاڵای دۆمینیکا دەبینن.. ئەوە بۆچی کێشەیە؟
 
کێنێت گرین: بەکارهێنانی ئاڵاکە و دانانی لەگەڵ پاسپۆرتەکەدا زۆر بەلامانەوە باش نییە، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک؛ یەکەم ئەوەیە کە پاسپۆرتەکە خۆی وێنەیەکی سەروەرییە، بۆ نموونە لە پرسی خاوەندارێتییدا من ناتوانم ئاڵای هەرێمی کوردستان یاخود ئەمریکا لە رێکلامێکدا بەکاربێنم. یەکەی پێدانی وڵاتینامە زۆر گرنگی بەوە دەدات. ئێمە زۆرجار ئاماری رێژەی رەتکردنەوە بڵاودەکەینەوە. کاتێک رێژەی رەتکردنەوە بەرزدەبێتەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر دەچنە نێو پرۆسەکەوە و پارە دەدەی بە کۆمپانیاکانی وردبینی و بریکارەکان و دواتریش داواکان شکستدەهێنن، ئەوەش ناکرێت وابێت، چونکە دەبێ پارێزگاری لە خەڵکیش بکرێت و پارەکەیان بەفیڕۆ نەڕوات. 
 
رووداو: وردبینییەکان و ئەو رێوشوێنانەی CBI دەیکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە روونەدانی رەتکردنەوە، لە کۆتاییدا خزمەت بەو کەسە دەکات کە داواکارییەکە پێشکێش دەکات. 
 
کێنێت گرین: لە بەرژەوەندیی کەسی داواکەر و یەکەی پێدانی وڵاتینامەشە.. ئەو یەکەیە داواکەری باشی دەوێت و خراپی ناوێت. بوونی داواکەری باش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بریکارەکانی ئەو وڵاتانە رێنمایی تایبەت پێشکێش بەو خەڵکە بکەن کە پێویستە چی بکەن، ئەگەر من راستەوخۆ لەگەڵ کەسێکی داواکەری وڵاتینامە قسە بکەم، یەکەم پرسیار کە لێی دەکەم ئەوە دەبێت ئایا تۆ دڵنیای دەتەوێ ئەو کارە بکەی؟ هەموو پێداویستییەکت هەیە؟ چونکە ئەوە پرۆسەیەکی ماندووکەرە. من بەڵگەنامەکانم بە تۆ پیشاندا، بینیت کە لیستەکە نزیکەی 30 بەڵگەنامەی تێدایە، ئەوەش بۆ کەسێکی ئاسایی زۆر ماندووکەر دەبێت، بۆیە دەبێ زۆر دڵنیابیت لە بڕیارێکی لەو شێوەیە، چونکە لەڕووی دارایی و هەروەها پرۆسەکەوە لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر دەکرێت، لێکۆڵینەوە لەسەر دارایی تایبەت و ژیانی تایبەت، بۆیە دەبێ زۆر دڵنیابیت لەوەی کە تۆ دەتەوێ ئەو کارە بکەیت و ئەوەی کە پێویستە بتوانی دابینی بکەیت.  
 
رووداو: ئایا فۆرمی داواکردنی زۆرتان لە عێراقەوە بۆ هاتوون؟ ئەوانە چۆنن، دەتوانی چیم پێبڵێی؟
 
کێنێت گرین: زۆرنین.. وەکو پێشتریش باسمکرد خەڵکێک دێن بۆ نموونە دانیشتووی ئیماراتن و بەشێکن لەو هەمەڕەنگییەی لە ناوچەکە هەیە، بۆیە لە عێراق و ئوردن و قەتەرەوە داواکردن هەیە، تێکەڵەیەکی تەواوە. بۆ نموونە لە عێراقەوە خەڵک هەیە، بەڵام دەبینی بزنسمانێکی عێراقییە کە گەشت بۆ ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا دەکات. خەڵکێکی تایبەت لە عێراقەوە دێن نەک خەڵکی ئاسایی. 
 
رووداو: هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی باشتری لە بەشەکانی دیکەی عێراق هەیە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەتوانن گەشت بکەن بۆ شوێنەکانی دیکە، بەڵام دەبینن ناتوانن.. دۆخی باشی ئابووری کەسەکە چەند کاریگەریی هەیە؟ بەرپرسان لێرە پێیانگوتم کە هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستانەوە داواکارییان پێشکێشکردووە، دەمەوێ بزانم هۆکاری ئەو ژمارە زۆرە لە هەرێمی کوردستانەوە چییە؟
 
کێنێت گرین: زۆر دڵنیانیم، ناتوانم پێتبڵێم لەبەرچی، بەڵام دەتوانم پێتبڵێم کە ئەمە بیمەیە.. من خۆم چەند پاسپۆرتێکم هەیە، زۆربەی ئەو کەسانەی من دەیانناسم چەند پاسپۆرتێکیان هەیە، یاخود ڤیزای وڵاتێکیان هەیە کە وەکو گرین کارد لە ئەمریکا بەکاریدەهێنن، بۆیە زۆر گرنگە ئەو بیمەیەت هەبێت. پێموایە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی ئەو وڵاتانەوە کە لەوانەیە لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیر نەبن، لێرەش وڵاتێکت هەیە کە زۆر سەقامگیرە و پرۆگرامەکە لە ساڵی 1993ـەوە بەردەوامە و خەڵک بەکاریانهێناوە بۆ گەشتکردن، چەندین حکومەت گۆڕاون، بەڵام مافەکانیان دەستکاری نەکراون، ئەوەش پەیامێکی زۆر بەهێزە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ بژاردەیەکی دیکەیان هەبێت، بژاردەیەک کە بیمە بێت، نەک تەنیا بۆ خۆیان بەڵکو بۆ منداڵەکانیشیان. 
 
رووداو: پرۆگرامەکە لە هەرێمی کوردستان راوەستاوە، دواتریش رووسیا و بێلاڕووس راوەستان.. ئەوە ئەو پرسیارە دروستدەکات کە لەوانە ئەو بڕیارە بەهۆی گوشارێکی سیاسییەوە بووبێت.
 
کێنێت گرین: کامەیان؟
 
رووداو: راگرتنی هەرێمی کوردستان و رووسیا و بێلاڕووس، چونکە هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستان وڵاتینامەی دۆمینیکایان هەیە، لەوانەیە ئەوروپییەکان بۆ نموونە بەریتانیا حەزی بەوە نەبووە کە ئەو هەموو گەشتیارە لە عێراق و وڵاتانی دیکەوە بە پاسپۆرتی دۆمینیکا گەشتی بۆ بکەن، بەتایبەتی راگرتنی رووسیا زۆرکەس پێیانوایە بەهۆی شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیایە، کێشەی بەڵگەنامەکان نییە.. لەوانەیە حکومەتی ئێرە بڵێت هۆکارەکە ئەنجامدانی وردبینییە، بەڵام دەکرێ گوشاری وڵاتانی دیکەش بێت. 
 
کێنێت گرین: نا من ئەوە ناڵێم. راستییەکەی ئەوەیە ئەگەر لە رووسیا و بێلاڕووسەوە دەستپێبکەم، هۆکارەکە زۆر سادەیە، ئەویش گرفتی چوونە نێو رووسیایە، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی وردبینی دەکەن لە وڵاتانی رۆژئاوان، وەکو ئیپسن و ئێکسیجا و بیشۆپس و تۆمسن رۆیتەرز، ئەوانە ئاژانسی ئەمریکی و بەریتانین، ئەوانە ئێستا ناتوانن بچنە نێو رووسیا و لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکان بکەن. شتێکی سەرنجڕاکێشە کە دۆمینیکا ئۆکراینای لەو بڕیارەدا دانەناوە، بەڵام وڵاتی ئەنتیگا ئۆکراینای لە بڕیارەکەیدا داناوە، چونکە لەو کاتەدا چوونە نێو ئۆکراینا بۆ ئاژانسەکانی رۆژئاوا هەر دەکرا، بۆیە ئەوە شتێکە لە هەموو شوێنێک بەهەمانشێوە پەیڕەوکراوە. پێموایە دوای پێداچوونەوە بە ناڕێکییەکان لە هەرێمی کوردستان، دووبارە دەستپێدەکەنەوە. ئەگەر سەیرێکی وێبسایتەکە بکەی دەبینی هەندێک لە بریکارەکان خراونەتە لیستی رەشەوە، هەروەها رێنمایی لەلایەن یەکەی وڵاتینامەوە نێردراوە بۆ هەندێک ناوچە لەسەر چۆنێتیی ئەنجامدانی بەبازاڕکردن و، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانە. بەڕاستی تەنیا لەبەر ئەوەیە کە خەڵک تێبگەن چینەکەن و چیبکەن. بەڕاگرتنی پرۆگرامەکە دڵنیادەبینەوە لەوەی کە خەڵک ببینێت ئێمە چیماندەوێت بۆ ئەوەی دووبارە بتوانین دەستپێبکەینەوە، چونکە ئەو بریکارانە پاڵنەری زیاتریان لە من و تۆ هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بهێننە نێو پرۆگرامەکە.
 
رووداو: بە واتایەکی دیکە ئەوانە لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێ بەشداریبکەن، کاتێک دەستپێدەکاتەوە، رێکارەکان توندتردەبن و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن. 
 
کێنێت گرین: دەبێ وابێت.. یەکێک لەو شتانەی من بە خەڵکی دەڵێم ئەوەیە هەرکەس پێیگوتی کە پرۆسەکە ئاسان و خێرایە، وانییە. ئاسان و خێرا دەبێت تەنیا ئەگەر هاتوو بەڵگەنامەی دروست و تەواوت هەبێت و کەسێکیت هەموو شتێکت رێکوپێکە. من پێتدەڵێم کەس لە جیهاندا هەموو شتێکی رێکوپێک نییە، من خۆم هەموو شتێکم رێکوپێک نییە و ترسم هەیە ئەگەر بچمە نێو پرۆسەکەوە، چونکە دەزانم کەموکوڕییەکم دەبێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس، کێنێت گرین بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە دۆمینیکا.
 
کێنێت گرین: زۆر سوپاس.