پۆلیسی سوێد: ئەمڕۆ ئافرەتێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل تەورات دەسووتێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سوێد رایگەیاند رەزامەندییان بۆ سووتاندنی کۆپییەکی تەورات (کتێبی پیرۆزی جووەکان) لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم داوەتە ئافرەتێک، کە لە پەنجاکانی تەمەنیدایە. دەشڵێت: "ئافرەتەکە داوای خۆپێشاندانی لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ کردووە و گوتوویەتی ئەمڕۆ هەینی کۆپییەکی تەوراتیش دەسووتێنێت."
 
ماتس ئەریکسۆن، گوتەبێژی پۆلیسی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، بەپێی داواکارینامەکە چوار کەس لەو خۆپێشاندانە بەشداری دەکەن و پۆلیسیش پارێزگاری لە رەوشەکە دەکات و بە ئافرەتەکەی راگەیاندووە کە نابێت خۆپێشاندانەکە کاریگەریی لەسەر دەوروبەری شوێنی خۆپێشاندانەکە هەبێت، بەتایبەت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل.
 
ئەو مۆڵەتدانە بەو خۆپێشاندانە لەکاتێکدایە هەر لەم مانگەدا کەسێکی بە رەچەڵەک سووری بە ناوی ئەحمەد عەلووش ویستی پۆلیسی سوێد بخاتە بەردەم ئەو ئەزموونە و داوایکرد لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پایتەختی سوێد تەورات و ئینجیل بسووتێنێت، بەڵام دواتر ئەو کارەی نەکرد و گوتی ئاینی ئیسلام سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان قەدەخە دەکات.
 
ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لەبارەی ئەو بابەتەوە پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی سوێدەوە کردووە و پێیڕاگەیاندووە ئەو جۆرە کارانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
 
بەپێی پۆلیسی سوێد، چەندین داواکاریی دیکە بۆ سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکانی ئاینە جیاوازەکان پێشکێشکراون. 
 
سەلوان مۆمیکا، کۆچبەری عێراقی لە سوێد رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتر لەم مانگەدا جارێکی دیکە  بڕیاری دا ئەو کارە بکات، بەڵام ئەمجارەیان قورئانی نەسووتاند، بەڵکو بێڕێزی پێکرد و ئاڵای عێراقیشی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەت عێراق کاردانەوەی بەدوایدا هات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 26-7-2023، جێسپەر تێنگرۆس، بەڕێوەبەری میدیایی فەرمانگەی کۆچی سوێدی بە ماڵپەڕی (nyheter-idag)ـی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سەلوان مۆمیکا کردووە و هۆکاریشیان بۆ ئەوە هەیە، لەنێویاندا دوو سکاڵا کە لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە لە دژی مۆمیکا تۆمارکراون بە تۆمەتی هاندان لە دژی کۆمەڵێک کەس دوای سووتاندنی قورئان و بێڕێزیپێکردنی.