سەرۆککۆماری ئۆزبەکستان کچەکەی دەکاتە یاریدەدەری خۆی


رووداو دیجیتاڵ

شەوکەت میرزییۆیەڤ، سەرۆککۆماری ئۆزبەکستان بە بڕیارێک سایدا میرزییۆیەڤی کچی گەورەی وەکو یاریدەدەری سەرۆککۆمار دامەزراند.
 
بڕیارەکە رۆژی 25-8-2023 لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری ئۆزبەکستانەوە راگەیێندرا و رای گشتی لێ ئاگادار کرایەوە. سایدا لە هەژماری تویتەری خۆی پۆستەکەی گۆڕی بۆ یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئۆزبەکستان.
 
بەشێک لە هاووڵاتیانی ئۆزبەکستان، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لێکی دەدەنەوە.
 
سایدا میرزییۆیەڤ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئابووری و دیپلۆماسیی ئۆزبەکستان بەدەستهێناوە؛ هەروەها ساڵی 2008 لە زانکۆی تاشکێنت بڕوانامەی ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە؛ ساڵی 2010 بڕوانامەیەکی ماستەری لە بواری ئابووری لە زانکۆی  مۆسکۆ وەرگرتووە.
 
لە 12ی نیسانی 2019 تاوەکو 29ی 1ی 2020، سایدا وەک جێگری بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئۆزبەکستان کاری کردووە؛ هەروەها رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2020 بووە جێگری سەرۆکی دەستەی ئەمینداری پاڵپشتییی نیشتمانیی میدیای گشتی و سندووقی گشتیی گەشەپێدانی دەوڵەت.