رەوشی ژیانی پەنابەرانی کورد لە نۆتینگهام خراپە
رووداو - نۆتینگهام
رەوشی ژیانی پەنابەرانی کورد لە شاری نۆتینگهامی بەریتانیا خراپە و ئەوان باسی خراپی ژیانیان بۆ رووداو دەکەن و یەکێک لە پەنابەرەکان دەڵێت " ئەگەر بڵێم باشم درۆ دەکەم".
نۆتینگهام، ئەو شارەی دەکەوێتە ناوەندی ئینگلتەراوە، زیاتر لە دوو هەزار کورد دەژین، زۆرن ئەوپەنابەرە کوردانەی تاوەکو ئێستا شەمەندەفەری خەونیان نەگەیشتووەتە کەناری ئارامی و بە نائارامی دەژین.
یەکێک لە پەنابەرەکان باسی ژیانی بۆ رووداو دەکات دەڵێت "باش نیم، ئەگەر بڵێم باشم درۆ ئەکەم، لەبەرئەوەی لە کوردستان بیرم لەو ئیشەنەدەکردەوە کە ئێستا لێرە دەیکەم، من لێرە ئیشی خەسل دەکەم و زۆر ناخۆشە ژیانمان".
ئاسۆ بەکر، ئەو گەنجەی خاوەنی سێ خەڵاتی بۆکسێنە لەسەر ئاستی ئەوشارە، 11 ساڵی تەمەنی لە تاراوگە بێ بەدەستهێنانی هیچ مافێکی بەسەردەبا، ئەو لە چاوەڕوانی ئەوەدایە باشووری کوردستان سەربەخۆبێت و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
ئاسۆ بەکر، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی "لەم شارە سێ هەفتە لەمەوبەر گەورەترین بتوڵەم وەرگرت، بەڵام ئیستا مافی هیچ شتێکم نییە و نازانم چی بکەم". دەشڵێت " حەزدەکەم وڵاتەکەم خۆش بێت و ئارامی تێدا بەرقەراربێت، تاوەکو بچمەوە ناو دایک باوک و کەسوکارم، هیوادارم کوردستان سەربەخۆ بێت بۆئەوەی بچمەوە و یاری بۆ وڵاتەکەم بکەم".
بەڕێوەبەر و راوێژکاری بنکەی پەنابەرانی نۆتینگهام چوار رۆژی لە هەفتەیەکدا خۆبەخشانە بەخشیوەتە هاوکاری پەنابەرە کوردەکان و ئەو بەخراپی باسی رەوشیان دەکات.
بەهمەن هەورامی، بەڕێوەبەر و راوێژکاری بنکەی پەنابەرانی نۆتینگهام بۆ رووداو دەڵێت "چەندین کورد لەپارک دەخەون، کە شوێنیان نییە، چەند کورد لە خەسل دەست و پێستیان رزیووە، لەبەر بێ پارەیی بە سەرما و بەفر کاردەکەن، هاتوون لێرە ژیانیان زامن کەن هەموشتێکیان لەوێ لەدەست داوە".
رێژەی پەنابەرانی کورد لە نۆتینگهام بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی رابردوودا 60% زیادیکردووە، لەونێوەندەدا زیاد لە 500 پەنابەری کورد تاوەکو ئێستا مافی پەنابەرێتیان پێ نەدراوە.