پرۆگرامەرێکی کورد یارییەکی کوردی بۆ ئایفۆن دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەپڵ مەرج و یاسای زۆر قورسی هەن بۆ وەرگرتنی ئەپی نوێ و دانانی لە ئەپ ستۆر [ بازاڕی ئەپەکانی ئەپڵ] ئەمەش پەیوەندیی بە پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کڕیارەکانیەوە هەیە، بەڵام کوردێک بۆ یەکەمجار توانیویەتی یارییەکی ئەلیکترۆنی کە بەشێوەی ئۆنلاین کاردەکات و نزیکەی 20 کەس پێکەوە دەتوانن یاری بکەن بخاتە ئەپ ستۆرەوە.
فەرهاد بایسەل، گەنجێکی باکووری کوردستانە و ئێستا لە بەلجیکا دەژیت، پرۆگرامەرێکی لێهاتووە و توانیویەتی یارییەکان بە شێوەی ئاپ بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئەپڵ دروست بکات.
فەرهاد بایسەل لەبارەی دروستکردنی ئەپەکانی یارییکردن بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و رایگەیاند، لە 2020ـەوە توانیویەتی یاریی بۆ سیستەمی ئەندرۆید دروست بکات و گوتی "دوای سەرکەوتن لە دروستکردنی ئەپی یارییکردن بۆ ئەندرۆید، بەکارهێنەرانی مۆبایلی ئایفۆن زۆر داوایان لێکردم بۆ ئەوەی یارییەکان بۆ ئایفۆن دروستبکەم، منیش هەوڵێکی زۆرمدا و لە کۆتاییدا سەرکەوتووبووم و توانیم یاریی بۆ ئایفۆن دروستبکەم."
فەرهاد بایسەل روونیکردەوە، یارییەکان بەشێوەی ئۆنلاین دەکرێن و 20 کەس دەتوانن پێکەوە یاریی بکەن و دەشڵێت "داگرتن و داونڵۆدکردنی ئەپەکانی یارییکردن بۆ مۆبایلی ئایفۆن بەخۆڕاییە، واتە بەکارهێنەری ئایفۆن هیچ پارەیەک نادات و بە شێوەی فریی ئەپەکان داونڵۆد دەکات."
بایسەل گوتیشی، یارییەکان بەشی فێرکارییان تێداییە و چەندین تایبەتمەندی جیاواز لەخۆدەگرن.