کوردێکی ئێزدی بەربژێرە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
وەهاب حەسۆ، کوردێکی دانیشتووی هۆڵەندایە و بەربژێرە بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە. ئەو کوردە ئێزدییە بووەتە جێی باسی میدیاکان و لە دیبەیتەکانی پەرلەمانیشدا زۆر باسی دەکرێت، چونکە دەڵێت، هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
وەهاب حەسۆ لە رێگەی سکایپەوە بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و رایگەیاند، 9 ساڵە لە هۆڵەندا و تەواوی ئەوروپا کاری لۆبی و هاوکاری بۆ کوردی ئێزدی دەکات و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ دیلان یەشیلگیوزی، وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندا.
ئەو گەنجە کوردە ئێزدییە، سەرۆکی وەقفی ئێزدییە لە هۆڵەندا و دەڵێت، "بڕوانامەی ماستەرم لە بواری سیاسیدا هەیە و ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی کاری حیزبایەتی دەکەم و دەمەوێ ببمە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە".
لەبارەی ئەو ژنە داعشەی کە دوای 30 مانگ زیندانیکردن، ئازاد کرا و کاری لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران وەرگرتووە، وەهاب حەسۆ دەڵێت، "ژنە داعشیەکە لە 2019 لە رێگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراقەوە گەڕێندراوەتەوە هۆڵەندا، ماوەی دوو ساڵ و نیو زیندانی کراوە، بەڵام هۆکاری تووڕەبوونمان ئەوەیە کە بەپێی یاسای هۆڵەندا ئەوانەی لەکاری تیرۆریستیدا تێوەدەگلێن، نابێت تاوەکو 20 ساڵ لە هیچ فەرمانگە و دەزگایەکی پەروەردەیی و مرۆییدا کاربکەن، کەچی ئەو ژنە بەهۆی وەرگرتنی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران کار دەکات و کەیسی ئەوانەی دێتە ژێر دەست کە لە دەستی داعش هەڵاتوون بەتایبەتی ئێزدییەکان".
وەهاب حەسۆ ئاشکرایکرد لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا 13 داعشی خەڵکی هۆڵەندا لە عێراق و سووریاوە گەڕێندراونەتەوە هۆڵەندا و بەڵگەنامەی ئەستۆپاکیشیان پێدراوە، "بۆیە پێموایە ئەمە بە ئەنقەست نەبووە و بە هەڵە کراوە."
سەبارەت بە خاتوو دیلان یەشیلگیوزی، وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندا، کە چانسی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندای هەیە، وەهاب حەسۆ گوتی، "دیلان یەشیلگیوزی، وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندا کوردە و ژنێکی لێهاتووە، هەمیشە پشتیوانیم دەکات و ئەگەر بتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەوە بەدڵنییاییەوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هۆڵەندا - کوردستان دەبێت".
وەهاب حەسۆ ماوەیەکە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، بەڵام پۆلیس بە جیدی وەرینەگرتووە، لەوبارەیەوە حەسۆ گوتی، "راستە هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە، چەندین جار لایەنی پەیوەندیدارم لێ ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام زۆر بەجیدی وەریاننەگرتووە، تاوەکو ئەو هەڕەشانەم گەیاند بە پیتەر ئۆمتزیختی، سەرۆکی حیزب، لەوکاتەوە پۆلیس هەڕەشەکانی سەر ژیانمی بە جیدی وەرگرت و کەیسێکیان بۆ کردمەوە".
لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچن و چەند کوردێک بەربژێرن بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی هۆڵەندا و دیارترینیشیان دیلان یەشیلگیوزی، وەزیری ئاسایش و دادی ئێستای هۆڵەندایە کە بەربژێرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.