رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، بەم زووانە دەست بە رێگریکردن لەو بەلەمانە دەکەن کە کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە دەپەڕێننەوە بەریتانیا. ئەم بڕیارەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، نزیکەی 40 هەزار کۆچبەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
پەڕینەوە ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک، حکومەتی بەریتانیای خستووەتە ژێر گوشاری تووندی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە.
هەرچەندە بۆ راگرتنی کۆچبەرە نایاساییەکان، فەرەنسا هێزی چاودێریی کەناراوەکانی چڕتر کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر گیانی سەرنشینی بەلەمەکان، پاریس تاوەکو ئێستا لە راگرتنی بەلەمەکان لەنێو دەریا دوو دڵ بووە.
دەستەی دەریایی فەرەنسا بۆ نۆکەندی ئینگلیز و دەریای باکوور (PREMAR) رایگەیاند، فەرەنسا بەم زووانە دەست بە "ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ و رێگریکردن" لە دەریا دەکات و رێگری لە پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکان دەکات.
گوتەبێژێکی دەستەکە رایگەیاند، بیرۆکەکە ئەوەیە پێش ئەوەی کۆچبەرەکان بچنە نێو بەلەمەکان، رێگرییان لێبکرێ بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
کۆچبەران زۆرجار هەزاران یۆرۆ دەدەنە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی بیانپەڕێننەوە.
دوای ئەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری بەکارهێنانی تۆڕ بۆ راگرتنی بەلەمەکان دەربڕی، دەستەکە گوتی: "هێشتا بەکارهێنانی تۆڕ بۆ راگرتنی بەلەمە بچووکەکان بڕیاری لێ نەدراوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لانیکەم 27 کۆچبەر لەم ساڵدا لە هەوڵی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. داتاکانی حکومەتی بەریتانیاش دەریدەخەن کە لە 1ـی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە 39,000 کەس بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە بەریتانیا.
ئەم ژمارەیە لە کۆی گشتیی ساڵی 2024 زیاترە، ئەوکات ژمارەکە 36 هەزار و 816 کەس بوو، بەڵام لە ئاماری ساڵی 2022 کەمترە کە ساڵێکی پێوانەیی بوو و تێیدا 45,000 کەس پەڕینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ