وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا لەبارەی دۆخی کورد لە سووریا و پرۆسەی ئاشتی وەڵامی رووداو دەدەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەڵمانیایە و کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی کۆبووەوە و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ساز کرد. ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوو و پرسیاری لە هەردوو وەزیرەکە کرد لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی کورد لە سووریا. 
 
ئاڵا شاڵی لە یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پرسی، ئایا چۆن پشتیوانی کورد لە سووریا دەکەن، ئەو وەزیرە ئەڵمانییە لە وەڵامدا گوتی: "پاڵپشتیی وڵاتێکی سەروەر و فرە نەتەوەیی لە سووریا دەکەین، ئێمە لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختمان لەوە کردووەتەوە."
 
یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "پێویستە تورکیا رۆڵێکی باشتری بەرگریکردن ببینێت، ئەوان هەردەم ئەندامێکی متمانەپێکراوی ناتۆ بوون."
 
لەبارەی سووریاوە یۆهان ڤادێفول گوتی: "پشتیوانیی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، پێویستە سەروەریی سووریا بپارێزرێت."
 
هاوکات پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد، ئەویش گوتی: "سوپاس بۆ خوا پرۆسەی ئاشتی بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت."
 
هاکان فیدان هەروەها بە رووداوی گوت: "ئێمە کارەکانمان لە چوارچێوەی پرۆسەکە [پرۆسەی ئاشتی] بەردەوامە و وڵاتانی ئەورووپاش بە تایبەت ئەڵمانیا پشتیوانی ئەرێنیی پرۆسەکە دەکەن."
 
هەر لە کۆنفرانسەکەدا هاکان فیدان رایگەیاند: "چارەسەرکردنی کێشەی ڤیزەی شنگن بۆ ئێمە گرنگە، ئەڵمانیا هاوبەشێکی گرنگیی بازرگانی تورکیایە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لەگەڵ ئەڵمانیا باسی پلانی ئاشتیی غەززە و جەنگی ئۆکراینامان کرد. پێویستە هاوکاریی مرۆیی بگاتە نێو غەززە."
 
ئەو وەزیرەی تورکیا لەبارەی دۆخی سووریاوە قسەی کرد و رایگەیاند: "بەهێزکردنی حکومەتی سووریا و سەروەریی خاکەکەی و یەکپارچەیی وڵاتەکە گرنگە."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامەکانی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەڵمانیا: 
 
رووداو: ئایا لە پرۆسەی چارەسەری دا کە لە تورکیا بە (پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر) ناو دەبرێت، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەورووپا چۆن -دەتوانن هاوکاری بکەن؟ ئایا تورکیا چۆن دەڕوانێتە چارەسەریی لامەرکەزی بۆ سووریا؟
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا: زۆر شوکر بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت. بەڕاستی کۆتاییهاتنی تیرۆر لە تورکیا و تاج لەسەرنانى ئەمەش لە پرۆسەیەکی وەهادا، یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکانمان. کارەکانمان لەمبارەیەوە بەردەوامە. بە راشکاوی پێزانینمان هەیە بۆ ئەو پشتگیرییە ئەرێنییەی ئەورووپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەڵمانیا لەمبارەیەوە پێشکەشی دەکات.
 
بێگومان لێرەدا هەندێک بابەتی گرنگ و وردەکاری هەن، پێویستە ئاماژەیان پێبکرێت. وەکو ئاشکرایە، جووڵەی تیرۆر کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بە دەستی پەکەکە لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، تەنیا تورکیا یەکێک لە قاچەکانی نییە. واتە عێراق هەیە کە ئەم قاچەی تێدایە، سووریا هەیە کە ئەم قاچەی تێدایە، ئێران هەیە کە ئەم قاچەی تێدایە.
 
بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە هەن. بەپێی راپۆرتی خودی دەزگای پاراستنی دەستووری ئەڵمانیا، نزیکەی 14 هەزار ئەندامی پەکەکە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن.
 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانین چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لەم چوار وڵاتەدا، لە تیرۆرەوە بەرەو ئاراستەیەکی جیاواز ببەین؟ ئەمە کورتکراوەکەیەتی.
 
پێویستە ئەو بارودۆخانەی لە ئەورووپا، تورکیا، سووریا و عێراق تیرۆر دروست دەکەن، لەنێوببرێن و لێرەدا پێویست بوو بە شێوەیەکی جددی رووبەڕووی تیرۆریش ببینەوە.
 
ئێستا کاتێک پرۆسەکەی تورکیا و ئەو پرۆسەیەی لە سووریا کە بە راشکاوی لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەریهەڵداوە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش ببرێن، ئەوا وەکو ئامرازێکی ئێجگار گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە رێگەی ئاشتییانەوە بەکاردەهێنرێت.
 
ئێستا هاوپیشەکەشم ئاماژەی پێدا. بێگومان یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا ئێجگار گرنگە. لەمبارەیەوە هاوڕام لەگەڵیدا. لە سووریا، لەبری هەوڵدان بۆ دابەشکارییەک لە داهاتوودا، لە راستیدا پێویستی بە سیستمێک هەیە کە تێیدا هەموو خەڵک هەست بە یەکسانی بکەن، یەکسان بن، لە دەربڕینی ناسنامە و کولتووری خۆیان سڵ نەکەنەوە، مافی ئەوەیان هەبێت، هاوکات دەستیان بە تەواوی ئەو خۆشگوزەرانییە بگات، کە وڵات و کۆمەڵگە بەرهەمی دەهێنن و بتوانن لە تەواوی هێزی وڵاتدا خاوەنی بڕیاری هاوبەش بن.
 
راستییەکەی، پێموانییە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی سیستمە کۆنەکان لە ناوچەکەدا شتێکی ژیرانە بێت. پێموایە سووریایەکی مۆدێرنتر، کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسانیی دەستووری دامەزرابێت و هەمووان هەست بکەن هاووڵاتیی یەکسانی ئەو وڵاتەن، بتوانن ناسنامەی خۆیان دەرببڕن و سوودمەند بن لە هەموو ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانییەک، پێشکەوتووترین و باشترین،سۆفتوێری سیاسییە کە مرۆڤایەتی گەشەی پێداوە. ئەگەر لەمبارەیەوە هەنگاو بنێن، بۆ خۆشیان باش دەبێت. بەڵام وەکو گوتم، ئێمە لە دۆخێکدا نین کە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی خەڵک بگۆڕین، بەڵام میتۆدۆلۆژیا سیاسییەکانیان گرنگە. 
 
کێشەکە لێرەدایە کە خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان، توندوتیژیی سیاسی بەکاربهێنن و پەنا بۆ تیرۆر ببەن. ئەوەی هەوڵی لێ رزگاربوونى دەدەین، ئەمەیە. نەک ئەو بیرۆکانەی هەیانە. تۆ بە بیرۆکە رووبەڕووی بیرۆکە دەبیتەوە، زەمینەی دیکە دەڕەخسێنیت، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین ئەو پێکهاتانەی تووندوتیژیی سیاسی و تیرۆر وەکو ئامراز بەکاردەهێنن، لەڕێگەی ئەو میکانیزمانەی دامانمەزراندوون، لەناوبەرین. ئینشائەڵڵا هیوادارین پێکەوە سەرکەوتوو بین. چونکە ناوچەکەمان پێویستی بەمەیە. ناوچەکەمان ماوەیەکی زۆرە شایەنی ئەمەیە.
 
رووداو: ئەڵمانیا پشتیوانی چارەسەری لامەرکەزی و فیدرالی دەکات بۆ مافی کورد و پێکهاتەکانی سووریا؟
 
یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئێمە پشتیوانی لە پرۆسەیەک دەکەین لە سووریا کە هەموو گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن. من لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق ئەم بابەتەم تاوتوێ کرد، تێگەیشتنی ئەویش هەروا بوو، ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی سووریاداین لەنێو سنوورەکەی خۆیدا، یان ئەو شوێنانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەسند کراون، بەڵام زۆر گرنگە کە لەنێو سووریادا بەشداریی بە هەموو  گرووپەکان بکرێت. لە کۆتاییدا ئەمە بابەتێکی سەروەرییە و پەیوەستە بە سووریاوە کە ئایا دەبێت چ جۆرە دەوڵەتێک و دەبێت ئەوە لەوێ چارەسەر بکرێت و هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەوە نییە. بە بڕوای من دەتواندرێت سەقامگیری بۆ ئەو دەوڵەتە بەدەستبهێنرێت ئەگەر هەموو گرووپە نەتەوەییەکان بەشداریان پێ بکرێت. من گەشبینم کە ئیرادەی سیاسی بۆ ئەوە هەیە. هەڵبەت دواکەوتن دەبێت، چونکە لە مێژوودا پێشێلکاریی زۆر کراون. بەڵام دەبینم کە ئامادەییەکی گەورە بۆ بەردەوامیدان بەو رێگەیە لە سووریا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەیە.