پۆلیسی بەریتانیا پیاوێک لەسەر ناردنی 150 پاوەند بۆ کوڕەکەی لەنێو یەپەگە دەستگیردەکات

28-12-2019
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو - هەولێر 

 

پۆلیسی بەریتانیا، پیاوێکی لەسەر ناردنی 150 پاوەند بۆ کوڕەکەی کە لەنێو ریزەکانی یەپەگەدایە لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکردووە و دەڵێت، بەگومانی هاوکاریکردنی "گرووپە تیرۆریستییەکان" دەستگیریان کردووە. 
 
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاندووە، کەسێکیان بەگومانی هاوکاریکردنی دارایی گرووپە تیرۆرستییەکان دەستگیرکردووە و 150 پاوەندی بۆ سووریا رەوانەکردووە.
 
ئەو باوکەی دەستگیرکراوە ناوی پاوڵ ـە و دەڵێت: پارەکەی بۆ کوڕەکەی بەناوی دانێل ناردووە کە بە خۆبەخشی لەنێو ریزەکانی یەپەگەدایە لە رۆژئاوای کوردستان.
 
دانێڵ لە ساڵی 2017 چووەتە نێو یەپەگە و دواتر لە ئاداری 2018 گەڕاوەتەوە بەریتانیا، لەدوای هێرشەکەی تورکیاش بۆسەر رۆژئاوا، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نێو ریزەکانی یەپەگە.
 
باوکەکە دەڵێت، کاتێک پارەکەی بۆ کوڕەکەی رەوانەکردووە، نەیزانیووە گەڕاوەتەوە نێو یەپەگە، چونکە ئەو زۆرجاری دیکەی پارەی بۆ ناردووە و هاوکاریکردووە.
 
ئێستا پاوڵ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا تۆمەتبارنەکراوە بە تیرۆر یان هاوکاریکردنی دارایی گرووپە تیرۆریستییەکان.
 
ئەگەر ئەم پیاوە تاوانباربکرێت بە هاوکاریکردنی تیرۆر لە سووریا، بەپێی یاسای تیرۆر لە بەریتانیا بەلایەنی کەمەوە 14 ساڵ زیندانی دەکرێت.
 
دەستگیرکردنی ئەم پیاوەش لەکاتێکدایە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لە بەریتانیا ژن و پیاوێکی دیکە دەستگیرکراون کە بڕی 223 پاوەندیان لە ساڵی 2015 بۆ کوڕەکەیان ناردوو کە لەنێو داعش بووە.
 
سەرەڕای ئەوەی یەپەگە لە بەریتانیا لەژێر یاسای تیرۆردا قەدەخە نەکراوە، بەڵام چەندین کەس کە پەیوەندییان بە ریزەکانی یەپەگەوە کردووە، دەستگیرکراون بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە