بەنگلادیش دەستی بە راگواستنی موسڵمانانی رۆهینگیا کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەنگلادیش دەستیکرد بە پرۆسەی راگواستنی موسڵمانانی رۆهینگیا لە وڵاتەکەیەوە بۆ دوورگەیەکی دوورەدەست؛ ئەمەش دووەمین قۆناخی راگواستنی ئەو پەنابەرە رۆهینگییانەیە کە چەند ساڵێکە لە بەنگلادیش پەنابەرن.
 
بەهۆی زەبر و زەنگی سوپا و چەکدارانی بوزیی وڵاتی بۆرما، زۆربەی موسڵمانانی رۆهینگیا لەنێوان ساڵانی 2015 و 2017 لەو وڵاتە هەڵاتن، بەشێکیان چوونە بەنگلادیش، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە، ئەو پەنابەرانە بۆ دوورگەی بهاسان چار بگوازێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە قۆناخی دووەمی راگواستن دەستیپێکرد و نزیکەی هەزار و 500 پەنابەری رۆهینگی لە کەمپەکانی بەنگلادیشەوە  بەرەو دوورگەی بهاسان چار گوێزرانەوە.
 
ئەم کارەی حکومەتی بەنگلادیش لەکاتێکدایە، پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردبوو پەنابەرەکان بۆ ئەو دوورگە دوورە نەگوێزێتەوە.
 
زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری رۆهینگی لە بەنگلادیش دەژین، ئێستا لەو دوورگەیە کەمپێکی گەورەی پەنابەران دروستکراوە کە جێگەی زیاتر لە 100 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.
 
بە گوتەی بەشێکی بەرچاو لە مێژووناسان و گرووپە رۆهینگییەکان، گەلی رۆهینگیا گەلێکی زۆرینە موسڵمانن، لە سەرەتای سەدەی 12وە لە میانمار ژیاون. بەنزیکەیی سەرەجەم رۆهینگییەکان لە ویلایەتی راخین لە میانمار دەژین، لەو ویلایەتەش بەبێ مۆڵەتی حکومەتی ئەو وڵاتە رێگە بە چوونە دەرەوەیان [لە ویلایەتەکە] نادرێت.
 
بەهۆی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانیان سەدان هەزار لە هاووڵاتیی ئەو گەلە لەڕێگەی وشکانی و ئاوییەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ هەڵاوتوون.
 
گەلی رۆهینگیا تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە میانمار دانی پێدا نەنراوە و رۆهینگییەکان خاوەنی ناسنامەی هیچ وڵاتێک نین. لە ماوەیەکی دیاریکراودا و بەر لە کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1962 لەو وڵاتە، جۆرێک لە ناسنامە بە رۆهینگییەکان بەخشرا، لەو ماوەیەدا چەند هاووڵاتییەکی رۆهینگی توانییان بچنە پەرلەمانیش.
 
بەڵام دوای کودەتاکە، دۆخی ژیانیان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕا، تەنیا توانییان ببنە خاوەنی کاردێک کە چەند مافێکی سنوورداری پێدەدان، لەوانە کارکردن و خوێندن.
 
لە ساڵی 1982 یاسایەکی نوێی وڵاتینامە لە میانمار دەرچوو، رۆهینگییەکان تیایدا وەکو گەلێکی بێ دەوڵەت مانەوە و جارێکی دیکە وەکو یەکێک لە 135 نەتەوە و گرووپەکەی ئەو وڵاتە نەناسێندران. یاساکە چەند ئاستێکی دیاریکردبوو بۆ پێدانی وڵاتینامە، لەوانەش، دەبێت ئەو کەسە بەڵگەی سەلمێنەری هەبێت بۆئەوەی پێش ساڵی 1948 لەو وڵاتە ژیاوە یان یەکێک لە زمانەکانە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بە پاراوی بزانێت.
 
بەهۆی ئەو یاسایەوە، رۆهینگییەکان مافی خوێندن، کارکردن، گەشتکردن، هاوسەرگیری، پراکتیزەکردنی دین و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان سنووردار کران. هەروەها رۆهینگییەکان تەنانەت ناتوانن لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دەنگیش بدەن.