پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا دەڵێت مۆدێلی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا گونجاوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان (CDU) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، داهاتووی سووریا تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا دەبێت و دەشڵێت: "ئەزموونی هەرێمی کوردستان مۆدێلێکە دەکرێت لە سووریا چاوی لێ بکرێت."
یۆرگن هاردت، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو باسی لە دیدگای بەرلین بۆ داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.
هاردت ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیا دا "زۆرینەیەکی فراوانی سیاسی" هەیە کە چاوەڕوانییەکی روونیان لە حکومەتی دیمەشق هەیە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی "سیاسیی گشتگیر."
سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانیی داهاتووی سووریا، یۆرگن هاردت گوتی: "سووریا تەنیا کاتێک داهاتووی دەبێت کە خاوەن پێکهاتەیەکی فیدراڵی بێت، بەڵام پێویستە یەکگرتووش بێت." جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو گرووپەکان، بەتایبەتی کورد، مافە کولتووری و سیاسییەکانیان بەدەستبهێنن.
بۆچی ئەورووپا پشتیوانی لە سیستەمێکی ناوەندی دەکات لە کاتێکدا خۆیان فیدراڵین، هاردت روونیکردەوە کە ئەوان پشتیوانی لە مۆدێلێک دەکەن هاوشێوەی عێراق بێت. هاردت گوتی: "نموونەی ئەوەی لە عێراقدا لەگەڵ کوردەکان لە باکوور و هەرێمی کوردستان لە هەولێر و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا روویداوە، مۆدێلێکە کە رەنگە بتوانرێت لە سووریاش چاوی لێ بکرێت، هەرچەندە شتەکان وەک خۆیان کۆپی ناکرێنەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا هۆکاری سەرکەوتنی ئەو مۆدێلەی لە عێراق بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "کوردەکان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەرکەوتوون، تەنانەت رەنگە سەرکەوتووتر بن لە تێکڕای وڵاتەکە، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سەر بەغدا هەبووە."
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق، یۆرگن هاردت ئاشکرای کرد کە بانگێشتنامەکەیان بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا هەر ماوە و دەیانەوێت گفتوگۆی لەگەڵ بکەن بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان.
هاردت گوتی: "ئەگەر شەرع بێتە بەرلین، دەستەوارەی هاوکاری بۆ گەشەپێدانی سووریا پێشکەش دەکەین، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان لە دەوڵەتی داهاتووی سووریادا ناکرێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
یۆرگن هاردت، گوتەبئژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی کرستیان دیموکراتەکان لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا:
رووداو: بەڕێزتان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا بوون لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا. باسی رۆژاواتان کرد بە وردی و باسی کوردتان کرد. ئێوە چۆن دەتانەوێت ئێستا کورد لەو دۆخە هەستیارەدا بپارێزن کە ئێستا کۆمەڵکوژییان بەرامبەر دەکرێت؟
یۆرگن هاردت: ئێمە هەم باسی دۆخی ئێران و هەمیش بێگومان باسی دۆخی سووریامان کرد. ئەوە دانیشتنێکی داخراوبوو. وەزیری دەرەوەش لەوێ بوو. پێموایە لە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) زۆرینەیەکی فراوانی سیاسی هەیە، کە چاوەڕوانییەکی روونیان لە حکومەتی سووریا هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە پڕۆسەیەکی گشتگیر لە سووریا هەبێت کە تێیدا هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بێگومان کوردەکانیش، مافە کولتووری و سیاسییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. سووریا تەنیا کاتێک داهاتووی دەبێت کە پێکهاتەیەکی فیدراڵی بێت، بەڵام پێویستە یەکگرتووش بێت. ئێمە هۆشداری دەدەین لە هەر پلانێک بۆ جیابوونەوە لە سووریا. پێمانوایە باشترە پێکەوە کارەکان بکەن. ئەگەر حکومەتی دیمەشق رێز لە مافە رەواکانی کورد بگرێت و لە بەرامبەردا کوردەکانیش دەرفەتێک ببینن بۆ تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکانیان لەگەڵ هێزە رێکخراوەکانی دەوڵەت، بەبێ ئەوەی مەترسی ئەوەیان هەبێت کە پشتگوێ بخرێن یان ستەمیان لێ بکرێت، ئەوە کارە قورسەکەیە کە لە سووریا لەبەردەم هەموواندایە. ئەمە چاوەڕوانییە روونەکەی ئێمەیە لە حکومەتی دیمەشق و بانگێشتنامەکەش بۆ [ئەحمەد] شەرع هەر بەردەوامە و سەردانەکەش بەکاردەهێنرێت بۆ باسکردنی ئەم بابەتانە بە راشکاوی.
رووداو: باشە، بەڕێز هاردت، بۆچی ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی سیستمی فیدراڵی و ناناوەندییان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز لە سووریا دەکەن؟ بۆچی نابێت کورد ئۆتۆنۆمی هەبێت هاوشێوەی عێراق، بۆ نابێت؟
یۆرگن هاردت: راستییەکەی ئەوە ئەو مۆدێلەیە کە من بۆ سووریا وێنای دەکەم؛ کە بگوترێت دەسەڵاتی دەوڵەتێکی یەکگرتوو هەیە کە لە ئاستی فیدراڵییەوە [دیمەشق] سەرچاوە دەگرێت، لەگەڵ هەبوونی مافی ناوچە جیاوازەکان، پەرلەمانی هەڵبژێردراو و سەرۆکوەزیرانی ناوچەیی یان هەر ناوێکی دیکەی لێ دەنێن. ئەمە لە عێراق بە باشی کاری کردووە، چونکە بۆ نموونە کوردەکان لە باکوور لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەرکەوتوون، تەنانەت رەنگە سەرکەوتووتر بن لە تێکڕای وڵاتەکە، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سەر بەغدا هەبووە و بە پێچەوانەشەوە. پێویستە بۆ سووریاش بەم شێوەیە بێت. ئێمە دەرفەتەکە دەبینین، بەڵام ئێستا هەندێک پاشەکشە هەیە. هیوادارین ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و ببێتە ئاگربەستێکی راستەقینە کە هەردوولا وەک دەرفەتێک بیبینن. لێرەوە داوا لە حکومەتی دیمەشق و کوردەکانیش دەکەین: هەوڵ بدەن رێگەیەک بدۆزنەوە کە چۆن دەستووری سووریا لە داهاتوودا رێز لە مافەکانی کورد بگرێت.
رووداو: باشە، داوای ئێوە، داوای ئەڵمانیا چییە لە حکومەتی ئێستای سووریا؟ بە تەواوەتی چیتان ئامادە کردووە کە پێی بڵێن؟
یۆرگن هاردت: دیمەشق پڕۆسەیەکی گشتگیر بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی سووری دەستپێبکات. بە بڕوای من ئەمە تەنیا بەوە دەکرێت کە هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتی ناوەندیدا بەشدار بن، و مافی ئۆتۆنۆمی بە ناوچەکان بدرێت کە زیان بە یەکپارچەیی دەوڵەت نەگەیەنێت، بەڵام دڵنیایی بدات کە هەر پێکهاتەیەک لەڕووی زمان، کولتوور، گەشەپێدانی ئابووری و دەرفەتە سیاسییەکانەوە مەودای گەشەکردنی خۆی هەبێت. نموونە هەن نەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لە ناوچەکەشدا. پێموایە نموونەی ئەوەی لە عێراقدا لەگەڵ کوردەکان لە باکوور و هەرێمی کوردستان لە هەولێر و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا روویداوە، مۆدێلێکە کە رەنگە بتوانرێت لە سووریاش چاوی لێ بکرێت، ئەگەرچی شتەکان وەک خۆیان کۆپی ناکرێنەوە.
رووداو: ئایا حکومەتی ئەڵمانیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق سەبارەت بۆ دۆخی ئێستای رۆژئاوا؟
یۆرگن هاردت: بانگێشتنامەکە بۆ سەرۆکی ئێستای سووریا [ئەحمەد شەرع] هەر ماوە. ئێمە دەمانەوێت قسەی لەگەڵ بکەین، چونکە پێمانوایە ئەگەر قسەی لەگەڵ بکەین، دەرفەتمان دەبێت بیرۆکە و چاوەڕوانییەکانمان بگەیەنین، هەروەها دەستەوارەی هاوکاری بۆ گەشەپێدانی سووریا پێشکەش بکەین. بۆیە پێم وایە ئەمە لە بەرژەوەندی هەموواندایە ئەگەر شەرع بێتە بەرلین، هەروەها لە بەرژەوەندی کوردەکانی ناوچەکەشە، بەڵام هیچ سازشێک ناکرێت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان لە دەوڵەتی داهاتووی سووریادا.
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت لە پەرلەمانی فیدراڵ، زۆر سوپاس.