چین: سەرۆکی تایوان لەگەڵ مەککارتی کۆببێتەوە، هێرش دەکەینە سەر دوورگەکە


رووداو دیجیتاڵ 

چین هەڕەشە دەکات ئەگەر سەرۆکی تایوان لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ببینێت، هێرشی سەربازی دەکاتە سەر تایوان. 
 
رۆژی چوارشەممە 29-3-2023، ژوو فێنجڵیان، گوتەبێژی فەرمانگەی کاروباری تایوان لە چین رایگەیاند، ئەو ترانزیتەی سای ئینگ وینگ لە ئەمریکا دەیکات، تەنیا مانەوە نییە لە هۆتێل و فڕۆکەخانە، بەڵکو چاوی بە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەوێت.
 
ئەگەر سای ئینگ وینگ، سەرۆکی تایوان چاوی بە کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بکەوێت، بەگوتەی ئەو بەرپرسە چینییە، ئەوە وەکو "پێشێلکارییەکی فراوان بۆ سەر بنەماکانی چین، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی خاکەکەی لێکدەدرێتەوە و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە لەنێودەبات." 
 
تایوان هەرێمێکی سەربەخۆی خۆبەڕێوبەرە، بەڵام چین بە بەشێک لە خاکەکەی دادەنێت و بەردەوام هۆشداریی دەداتە بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کە سەردانی تایوان نەکەن و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ بەرپرسانی نەکەن، ئەوەش لەبەر مەترسی ئەوەی ئەو جۆرە کارانە وابکات دوورگەکە زیاتر سەربەخۆ دەربکەوێت.
 
ئابی رابردوو، نانسی پێڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد. چین لە کاتی ئەو سەردانەدا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە گەرووی تایواندا کرد.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 29-3-2023، سای ئینگوینگ، سەرۆکی تایوان سەردانی گواتیمالا و بیڵایز بکات و ترانزێتی فڕۆکەکەی بە نیویۆرک و لۆس ئەنجڵسی ئەمریکادا دەبێت. هەرچەندە هێشتا بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئینگ وینگ لە کاڵیفۆرنیا چاوی بە کێڤن مەککارتی بکەوێت.