پێنتاگۆن بۆ رووداو: بایدن و وەزیری بەرگری دەبێت پارێزگاری لە پێگەکانمان لە عێراق بکەن


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەردەوامن و "مەترسیدارن". بۆیە بڕیاریان دا بۆردوومانیان بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی دووشەممەی رابردوو بۆ سەر چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق و سووریا.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن- لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی و لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو لەبارەی بەردەوامیی هێرش بۆ سەر پێگەکانیان لە عێراق و هەوڵێستیان رایگەیاند، "ئەرکی سەرۆک و وەزیرە [وەزیری بەرگری] پارێزگاری لە خەڵکەکە و پێگەکانیان بکەن".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رۆژنامەنووسان جۆن کێربی گوتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەدیاریکراوی ئەو شوێنەیان کردووەتە ئامانج کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی لێ ئاراستەکراون.
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن پاساوی بۆ هێرشەکەی شەوی دووشەممە هێنایەوە و گوتی دڵنیان لەوەی ئەو چەند خانووەی کردوویانەتە ئامانج، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا بووە و هێرشیان لێیەوە کراوە. بۆیە ئێمە بڕیارماندا هێرش بکەینە سەر ئەو بارەگایانە دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشمان کرایە سەر، هێرشکرایە سەر پێگە و خەڵکمان."
 
کێربی دەڵێت: "رێک هێرشمان کردە سەر ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر خەڵکەکەمان دروستبووبوون، بەتایبەتیش لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە."
 
سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 28.06.2021 فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بنکەی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێرانیان لە سنووری سووریا و عێراق کردە ئامانج. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەو هێرشانە بە ئامانجی بەرگری کراون.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لە رۆما بە رۆژنامەڤانانی گوت، هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی "پێویست" بوون و هەڵگری "پەیامێکی بەرگریکارانەی بەهێز و گرنگ" بوون.
 
شەوی شەممەی بە سێ درۆن هێرش کرایەسەر گوندێکی نزیک هەولێر، کە دواتر راگەیاندنەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاویانکردەوە، ئامانجەکە باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و گوتەبێژی پێنتاگۆن:
 
رۆژ عەلی زاڵە:
 
"لەنێوان 22ی کانوونی دووەم و کۆتایی مانگی ئادار تەنیا 8 هێرش لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیایانە ئەنجامدراون بەڵام لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 20 هێرش کراون، هیچ لێکدانەوەیەکت هەیە کە بۆچی ئەم هێرشانە زیادیان کردووە؟"
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن:
 
"پێموایە ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە بۆ ئەو گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە ئەم کارە دەکەن. من ناتوانم بچمە نێو بارەگا سەرەکییەکانیان و ئەو شوێنەی بڕیاری تێدا دەدەن. بەڵام راستدەکەی هێرشەکان بەردەوامبوون، مەترسیداریشن، ئەوە ئەرکی سەرۆک و وەزیری [بەرگری]ـیە کە پارێزگاری لە خەڵک و پێگەکانمان بکەن، ئێمەش هەوڵدەدەین ئەو کارە بکەین."