لە رێوڕەسمێکی مەولوود لە پاکستان تەقینەوەیەک روویدا و 52 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەلۆچستانی باشووری رۆژئاوای پاکستان لەنێو ئاپۆڕایەکی جەماوەریدا کە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کۆببوونەوە، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 52 کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 29ی ئەیلوولی 2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە پارێزگای بەلۆچستانی پاکستان، تەقینەوەیەکی گەورە روویدا کە بەگوێرەی پۆلیسی پاکستان، تەقینەوەکە هێرشی خۆکوژی بووە و لە ئەنجامدا لانیکەم 52 کەس کوژران و 58ی دیکەش بریندارن.
تائێستا هیچ لایەن و گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە، بەڵام لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو ناوچەیە چەندین تەقینەوەی بەخۆوە بینیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پاکستان لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
هێرشەکە لەنزیک مزگەوتێکی ئەو پارێزگایە روویداوە و لەوبارەیەوە، مونیر ئەحمەد، ئەفسەری پۆلیسی پارێزگای بەلۆچستان، گوتی، "خۆکوژەکە لەنزیک ئۆتۆمبێلی جێگری پۆلیسی پارێزگای بەلۆچستان خۆی تەقاندووەتەوە."
هەروەها بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگاکە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە چاوەڕێ دەکەن ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە بریندارەکان، دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.