حکومەتی یۆنان بڕیاری داوە بەڵگەنامە بداتە 300 هەزار کۆچبەر
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی یۆنان پلانی داناوە بەمزووانە بەڵگەنامەی فەرمی بداتە 300 هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لەو وڵاتەن.
دیمیتریس کایریدیس، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان هەواڵەکەی راگەیاندووە و دەڵێت، یۆنان کێشەی کەمیی کرێکاری هەیە و دەیەوێت بەو کۆچبەرانە پڕی بکاتەوە، بەتایبەتیش لە بوارەکانی بیناسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.
ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە کە ئەوانەی هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە یان مافی مانەوەیان بەسەرچووە و نوێنەکراوەتەوە، بەڵگەنامەی نوێ وەربگرن و مافی کارکردن و مانەوەیان هەبێت لە یۆنان.
هێشتا وادەی جێبەجێکردنی پلانەکە دیارینەکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەتەوە، ئەوان دەترسن لەوەی ئەو بڕیارە وابکات بە لێشاو کۆچبەری نایاسایی بچنە نێو یۆنان و دواتر بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.