نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ "داوای لێبوردن"ـی لە سەرۆکوەزیرانی قەتەر کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەیەکی ئەمریکا، بنیامین نەتەنیاهوو لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندیی بە محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کردووە و داوای لێبوردنی لێ کردووە. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ بۆ جاری چوارەم لە ئەم ساڵدا سەردانی کۆشکی سپی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. 
 
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، قسەکردنە لەسەر ئاگربەستی غەززە. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکا بە رۆژنامەی CBSـی ئەمریکی گوتوە، لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتەنیاهوو تەلەفۆنی بۆ محەممەد بن عەبدولرەحمان سەرۆکوەزیرانی قەتەر کردووە و لە بەرامبەر هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر دەوحە لە سەرەتای ئەم مانگە، داوای لێبووردنی لێ کردووە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی رۆژنامەی CNNـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی بە شێخ تەمیم بن حەمەدی دووەم، میری قەتەر کردووە و راوێژکارێکی ئەمیرەکەش لە کۆشکی سپی چاوی بە ترەمپ کەوتووە. 
 
کۆشکی سپی لەدوای کۆبوونەوەکە نێوەڕۆکی پلانەکەی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی پلانەکە دەبێت، غەززە لە "تیرۆر" پاکبکرێتەوە و بۆ بەرژەوەندی خەڵکەکەی نۆژەن دەکرێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ و نەتەنیاهوو لەدوای کۆبوونەوەکەیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان بەست. 
 
سەرۆکی ئەمریکا "سوپاس"ـی نەتەنیاهووی کرد بۆ رازیبوون بە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. 
 
لەبارەی حەماسیش، ترەمپ رایگەیاند، حەماس هێشتا پلانەکەی قبووڵ نەکردووە، "بەڵام بەهیوام" کە قبووڵی بکات. 
 
لەکاتێکدا ترەمپ و نەتەنیاهوو  لە کۆشکی سپی باسی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، سوپای ئیسرائیل هێشتا لەنێو کەرتی غەززەیە. ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئیسرائیل بە چەند قۆناخێک لەنێو غەززە دەکشێتەوە."