شاره‌وانی كۆڵن دڵنیایی دەدات لە ئاسایشی شارەكە لە سەری ساڵدا

رووداو - كۆڵن 

سەرۆكی شاره‌وانی شاری كۆڵن دڵنیایی دەدات لە ئاسایشی شارەكە لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا و دەڵێت، كۆڵن شاری پێكەوەژیان و لێبوردەییە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هێنریته‌ رێكه‌ر، سه‌رۆكی شاره‌وانی كۆڵن لە ئەڵمانیا رایگەیاند، تەنیا ئومێدیان ئەوەیە سەری ساڵ بە دڵنیایی و لە كەشوهەوایەكی پارێزراودا بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەش پۆلیس بەرپرسیاره لە پاراستنی ئەمن و ئاسایش و هەموو رێكارێكی پێویست گیراوەتەبەر.

هێنریته‌ رێكه‌ر ئاماژەی بەوەشكرد، وەك شارەوانی چەندین مەراسیم و ئاهەنگی تایبەت بەبۆنەی سەری ساڵ بۆ خەڵكی شارەكە و میوانەكانیان رێكدەخەن.

لەبارەی ئەگەری هێرش و كردەوەی تووندوتیژی، سەرۆكی شارەوانی كۆڵن دەڵێت، شارەكەیان بە شوێنی لێبووردەیی و پێكەوەژیان ناسراوە، 180 نەتەوەی جیاواز لەو شارەدا دەژین، بۆیە دڵنیان ئەو رووداوانە دووبارە نابنەوە، هێرشبەرەكانی پێشووتریش "90%یان لە دەرەوەی كۆڵن" هاتوونەتە شارەكە.

داڕشتنەوە: حەكیم داود